"ویستمان لەم کاتەدا زەردەخەنە بخەینەسەر لێوی هاوڵاتیان"
هونەرمەند دیمەن ئیبراهیم لەسەر کلیپەکەی روونکردنەوە دەدات
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکی شاد لەلایەن هونەرمەندێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا کاردانەوەی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و هونەرمەندەکەش دەڵێت، ویستوویانە لەم کاتەدا زەردەخەنەیەکی کەم بخەنە سەر لێوی هاوڵاتیان و کلیپەکەشیان بۆ رۆژانی دوای شەڕ و ئاگربەست ئامادە کردووە.
هونەرمەند دیمەن ئیبراهیم لە روونکردنەوەیەکدا بۆ 964 وتی، “لەبەر دۆخی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان دوو مانگە ئیشەکانم وەستاندووە، ویستیشم ئەو کلیپە کەنسڵ بکەمەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەر ئێمە زۆر دەکەوت و پارەیەکی زۆر سەرف کرابوو، بڕیارماندا کلیپێکی جیاواز ئامادە بکەین و لە رۆژانی داهاتوودا و لەکاتی ئاگربەست بڵاوی بکەینەوە”.
“ویستمان شتی خۆش بکەین بۆ هاوڵاتیان، زەردەخەنەیەک بخەینە سەر لێویان و لەو بارودۆخەی ئێستا تۆزێک دووریان بخەینەوە”، دیمەن ئیبراهیم وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو ماڵپەڕ و پەیجانەی قسەی ناشیرین و نەشیاو لەسەری دەنووسن، کۆمێنتەکانیان رانەگرن، ناچار دەبێت سکاڵا لەسەریان تۆمار بکات.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری