پەرلەمانێکى بێ جوڵە
500 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا تێپەڕی؛ هێشتا کۆنەبوونەتەوە
964+
وریا فەتاح
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە)، رێک 500 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، بەڵام هێشتا پەرلەمان هیچ جووڵەیەکی تێدا نییە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەم 500 رۆژەدا نە لیستی براوەکان و نە کاندیدە دەرچووەکان نەیانتوانیوە هیچ هەنگاوێک بنێن؛ نە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردراوە، نە حکومەت پێکهێنراوە و نە هیچ دانیشتنێک کراوە.
دامەزراوەی پەی دۆخی ئێستای بینای پەرلەمان بە “ناشیرینترین وێنە لە مێژووی گەل” وەسف دەکات و دەڵێت: “دوای 500 رۆژ، هۆڵی پەرلەمان سارد و سڕ و بەتاڵە و وەک ئاشێکی ئاو لێبڕاو و پرسەخانەیەکی چۆڵ وایە.”
بەپێی راپۆرتەکە، لەم نیو هەزار رۆژەدا، لەبری ئەوەی پەرلەمان ببێتە چەتری کۆکەرەوە و شوێنی یاسادانان، بووەتە قوربانیی بێدەنگی و ململانێی حزبی، ئەمەش لەکاتێکدایە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، بەڵام کوردستان دامەزراوەی شەرعیی خۆی سڕ کردووە.