پەروێزخان، یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران - وێنە: 964
لە دوێنێوە پەکی کەوتووە
“جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دەستپێدەکاتەوە”
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای رۆژێک لە پەککەوتنی جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان، کەمێک پێش ئیستا بەرپرسانی مەرزەکە شۆفێران و نوسینگەکانی گومرگی کۆمپانیاکان ئاگادارکراونەتەوە کە سبەینێ مەرزەکە بەڕووی جوڵەی بازرگانی دەکرێتەوە.
خاوەن نوسینگەیەکی گومرگی کۆمپانیاکان لە کەلار بە 964ـی وت، “بەرپرسانی مەرزی پەروێزخان لەدیوی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا ئاگاداریان کردینەوە کە سبەینێ جوڵەی بازرگانی لە مەرزەکە دەستپێدەکاتەوە”.
“ئەوەی ھەیە تا ئێستا وامان پێوتراوە، ئەگەر تاوەکو سبەینێ ھیچ شتێکی نەخوازراو روونەدات، بەدڵنیاییەوە مەرزەکە دەکرێتەوە”، ئەو خاوەن نوسینگەیە وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سبەینێوە ئاڵوگۆڕی ھەموو کاڵایەک دەکرێت، بەڵام رێگە بە گواستنەوەی سووتەمەنی نادرێت.
هەر ئەمڕۆ ئەحمەد بارزان عەلیکۆ قایمقامی قەزای چۆمان، بە 964ـی وت، “مەرزی حاجی ئۆمەران لە دوێنێوە بۆ جوڵەی بازرگانی بە تەواوی داخراوە، بۆ هاتوچۆی گەشتیاریش سنوردارە بە جۆرێک هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانی تەنیا رێگای پێدەدرێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، هەڵگری پاسپۆرتی عێراقیش دەتوانێت بێتەوە، واتە لەئێستادا هاوڵاتی عێراقی ناتوانێت، سەفەر بۆ ئێران بکات و هاوڵاتی ئێرانیش ناتوانێت بێتە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری