عەلى سیستانى
"یەکڕیزى خۆتان بپارێزن"
سیستانی لەبارەی کوژرانی خامنەیی: دوژمنان دەیانەوێت زیان بە ئێران بگەیەنن
964+
وریا فەتاح
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە پەیامێکدا سەرەخۆشیی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دەکات و داوا لە خەڵکی ئەو وڵاتە دەکات یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی سیستانی لە بەیاننامەیەکدا پەیامی سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی گەلی ئێران کرد و رایگەیاند، کوشتنی خامنەیی و هێرشە سەربازییەکان بە ئامانجی زیانگەیاندنە بەو وڵاتە.
لە بەشێکی پەیامەکەی سیستانیدا هاتووە:
“بە داخ و پەژارەیەکی قووڵەوە سەرەخۆشی لە گەلی ئێران و گشت موسڵمانان دەکەم بەهۆی شەهیدبوونی ئایەتەڵا خامنەیی”.
“رۆڵی ناوبراو لە سەرکردایەتیکردنی ئێران لە ساڵانی رابردوودا بۆ هەمووان روونە و بێگومان دوژمنان بەم کارە و دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی بەرفراوان، دەیانەوێت زیانێکی گەورە بە ئێران بگەیەنن”.
“چاوەڕوانین خەڵکی ئێران یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و ڕێگە نەدەن دەستدرێژیکاران ئامانجە شوومەکانیان بەدەستبهێنن”.