بەم مانگى رەمەزانە
لەبری نوێژ و عیبادەت؛ سێ گەنج لە کۆیە دزییان لە مزگەوتەکان کرد
964+
دەریا ئەحمەد- کۆیە
لە کاتێکدا موسڵمانان لە مانگی رەمەزاندا روو لە مزگەوتەکان دەکەن بۆ عیبادەت، سێ گەنج لە قەزای کۆیە مزگەوتەکانیان کردبووە ئامانجی دزی و دوای چەندین تاوان، دواجار کەوتنە تەڵەی پۆلیسەوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کۆیە بە 964ی ڕاگەیاند؛ نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کۆیە، سێ تۆمەتباری دەستگیرکردووە کە لە ماوەکانی رابردوودا (لە پێش رەمەزان و ناو رەمەزان)، دەستیان هەبووە لە دزیکردن لە چەند مزگەوتێکی سنوورەکە و باخچەی هاووڵاتیان.
تۆمەتبارەکان کە دانیشتووی کۆیەن و تەمەنیان لە نێوان (18 بۆ 21) ساڵدایە، لە کاتێکدا خەڵک سەرقاڵی رۆژوو و پەرستشن، ئەوان زیانیان بە ماڵی خودا گەیاندووە.
سەرچاوەکەى پۆلیسی کۆیە ناسنامەی تۆمەتبارەکانی ئاشکرا کردووە کە بریتین لە (ب. م. ش) لەدایکبووی 2007، (ش. ش. ف) لەدایکبووی 2004 و (أ. ج. س) لەدایکبووی 2004.
ئێستا تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی کۆیە و بەپێی مادەی (444) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح