دەنگە رەسەنەکەی "ئەردەڵان" کۆچى دوایى کرد

سبەینێ؛ یەدوڵا محەمەدی لە تەنیشت “کەمەندی” دەنێژرێت

964+

وریا فەتاح

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دڵە ماندووەکەی یەدوڵا محەمەدی لە لێدان کەوت و پاش ساڵانێک لە نەخۆشى و دەردەسەرى، هونەرمەندە دیارەکەی شێوەزاری ئەردەڵانی ماڵئاوایی کرد.

یەحیا سەمەدی، وتەبێژی بەشی هونەرمەندانی گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدیی سنە، چیرۆکی کۆچی دواییەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتى،”مامۆستا یەدوڵا ماوەى 12 ساڵە بەدەست نەخۆشیی دڵەوە دەیناڵاند، دوو رۆژ لەمەوبەر دۆخی تەندروستی تێکچوو و لە نەخۆشخانەی تەوحید خەوێندرا، بەڵام جەستەی بەرگەی دەرمانەکانی نەگرت و ئەم بەیانییە (26.2.2026) گیانی سپارد”.

بڕیارە سبەی هەینی، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە مەراسیمێکی تایبەت، لە “پارچەی هونەرمەندان” و لە تەنیشت ئارامگەی هونەرمەندی گەورە “عەباس کەمەندی” بەخاک بسپێردرێت.

یەدوڵا محەمەدی، ساڵی 1337ـی هەتاوی (1958) لە گەڕەکی دێرینی “بەردەشت”ـی سنە لەدایکبووە، 30 ساڵ وەک مامۆستا وانەی بە نەوەکانی سنە وتووەتەوە و 35 ساڵیش خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە.

ئەو درێژەپێدەری رێچکەی هونەرمەند “مەلەک محەمەدی” بوو، بە شێوەزارە شیرینەکەی ئەردەڵانی نزیکەی 80 گۆرانی تۆمار کردووە و سەرقافڵەی ئەو ستایلە بووە.

وەک ئەوەى یەحیا سەمەدى باسى دەکات، ماوەی 12 ساڵ بوو بەهۆی نەخۆشییەوە لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا دەرنەدەکەوت، خەمێکی دیکەش ئەوەیە بەر لە خۆی دوو ساڵ لەمەوبەر هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردبوو، ئێستا سێ کچ لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.

عەباسی کەمەندی دەروێشە قەسابەکە

عەباسی کەمەندی دەروێشە قەسابەکە