لەلایەن پارێزگاری دیالەوە

بەقەزابوونی گوڵاڵە و قەرەتەپە رەتکرایەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای ئەوەی وەزارەتی پلان دانانی عێراق لە 23ـی ئەم مانگە بەقەزابوونی گوڵاڵەی بڵاوکردەوە، نیگەرانی و ناڕەزایەتی خانەقینیەکانی لێکەوتەوە و بڕیارەکەیان بە تەعریب ناودەبرد، ئەمڕۆ پارێزگاری دیالە سەردانی قەزای خانەقینی کرد و بڕیارەکەی رەتکردەوە.

لەمانگی 12ـەی ساڵی رابردووش بڕیاری بەقەزابوونی قەرەتەپەش درا.

جواد فەیزوڵا، قایمقامی قەزای خانەقین بە 964ـی وت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ عەدنان شەمەری، پارێزگاری دیالە ھاتە دیوانی قایمقامیەت و لەگەڵ بەشێک لە چالاکوانانی خانەقین کۆبوونەوە، نیگەرانیەکانمان لەسەر بەقەزابونی گوڵاڵە پێگەیاند و ئەویش بڕیارەکەی بە نادەستوری ناوبرد.

“پارێزگاری دیالە پێی وتین، لەگەڵ ئەو بڕیارە نین و واژۆی ناکەین، چونکە بڕیارەکە نادەستووریە و بەقەزابونی گوڵاڵە و قەرەتەپەش رەتدەکەینەوە”،جواد فەیزوڵا وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد،پارێزگاری دیالە نوسراوی بۆ وەزارەتی پلاندانان کردووە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی یەکجاری بڕیارەکە، سنووری جوگرافی قەزای خانەقین وەک خۆی دەمێنێتەوە و گوڵاڵە و قەرەتەپەش دەبنەوە بە ناحیە.

دژی ئەو بڕیارەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دوێنێ چوارشەممە ھاوڵاتیان و کاسبکارانی قەزای خانەقین مانگرتنی گشتیان راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆش بۆ پاڵپشتی خانەقینیەکان چالاکوانانی قەزای رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان گردبونەوەیان ئەنجامدا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی