دوێنێ دەستخۆشی لێکرا
گۆشتفرۆشه بەناوبانگەکەی تەقتەق داخرا
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
گۆشتفرۆشە بەناوبانگەکەی قەزای تەقتەق بە تۆمەتی فرۆشتی گۆشتی رۆست بەناوی گۆشتی فرێشەوە دووکانەکەی داخرا و قایمقامی قەزای تەقتەقیش دەڵێ مۆڵەتەکەشی لێوەردەگیرێتەوە، کاسبکارەکەش دەڵێ نرخی گۆشتی هەرزان کردووە بۆیە دژایەتی دەکرێت.
ئاسۆ مستەفا قایمقامی قەزای تەقتەق بە 964ـی وت، ئەو گۆشتفرۆشە چەندین جاری تریش لەسەر فرۆشتنی گۆشتی رۆست دراوە بە دادگا و ئەمجارە بڕیارمان دا شوێنەکەی دابخەین و مۆڵەتەکەشی بە یەکجاری لێوەربگیرێتەوە و ئێستاش دەستگیرکراوە.
964 پەیوەندی کرد بە ژمارە مۆبایلەکانی کەمال قەسابەوە و خۆی وەڵامی دایەوە، پێمان وت دەستگیر نەکراوی؟ ئەو بە 964ـی وت، نەخێر وا لە گوندەکەی خۆم خەریکی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانم و ئەوەی دەستگیرکراوە براکەمە.
“رۆژێک پێشتر لیژنەی تەندروستی تەقتەق هاتن بۆ دووکانەکەم و دەستخۆشیان لێکردم کە دووکانەکەم پاکە و کارەکانم رێک و پێکە و رۆژی دوواتر دووکانەکەیان داخستم، چەندجارێک لەسەر هەمان تۆمەت چوومەتە بەردەم دادگا و بێتاوان دەرچووم، کەمال قەساب وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، براکەم لە سەربڕخانەکان کاردەکات و قەسابەکانی هاوڕێی گۆشتیان پێداوە و زیاتر لە 10 کیلۆ گۆشتی لە دووکانەکەی من دانابوو تا بیکات بە قیمە و گۆشتەکەش فرێش بووە نەک بەستوو، گۆشتەکانیش هەمووی مۆری تەندروستیان پێوەیە بە گۆشتی دوکانەکەی خۆشم.
دەشڵێت، تا ئێستا بانگێشتی دادگا نەکراوم و هەرکات بانگهێشتکرام ئامادەم بچمە بەردەم دادوەر و نوسراوی داخستنی دوکانەکەشم قایمقام کردوویەتی نەک لیژنەی تەندروستی و بەرێز دادوەر.
کەمال قەساب گۆشتفرۆشێکی تەقتەقە و لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان کەسێکی چالاک بوو، بەشێوەی کۆمیدیا ڤیدیۆکانی بڵاودەکردەوە و تەحەدای گۆشتفرۆشەکانی تری دەکرد کە ناتوانن نرخی گۆشت هاوشێوەی ئەو هەرزان بکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی