شەقامەكانی كۆیە بێ رووناكیین
964+
شلێر سەعید – كۆیە
ماوەی چەند ساڵێکە زیاتر لە پێنج شەقامی گشتی کۆیە بێ رووناکیین و هەندێکیان هەر رووناکیان بۆ دانەنراوە و هەشیانە سەرجەم گڵۆپەکانی تێکچووە، بەرپرسانی خۆجێی شارەکەش دەڵێن هۆکارەکەی نەبوونی بودجەیە.
ئەو شەقامانەی کۆیە کە لە شەودا تەواو تاریکە، هەریەکە لە شەقامەکانی پیشەسازی، هەرمۆتە، شەوگێڕاوە، دەشتی کۆیە و شەقامی “نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید”ە.
لوقمان حەوێز، بەرێوەبەری دابەشكردنی كارەبای كۆیە بە 964ی وت “دەرخستەمان بۆ دانانی رووناکی لەو شەقامانە کردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە رەزامەندی لەسەر نەدراوە”.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کۆیە ئەوەش دەڵێت، کە ئەوان تەنانەت کێشەیان لە تیمی تایبەتی بەشی چاککردنەوە هەیە، چونکە ئەوانەی خانەنشین دەبن کەس لە شوێنیان دانامەزرێن.
وتیشی “پێویستیمان بە دوو تیمی چاککردنەوە هەیە، یەکیان بۆ ناو شار و ئەوەی دیکە بۆ دەرەوەی شار”.
کۆیە لە ساڵی 1918 بووەتە قەزا و 70 کیلۆمەتر لە پاریزگای هەولێر دوورە، لەرووی کارگێڕیەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی