یەکەم ژن کە لە راپەڕینی هەولێر گیانی بەخشی موچەی شەهیدانەکەی 500 هەزار دینارە

964+
مریەم ئەحمەد- هەولێر

خەجە باوە، وەک یەکەم ژن لە رۆژی راپەڕینی هەولێر گیانی بەخشیوە دەناسرێت، ئەو لە کۆڵانی بەردەم پارێزگا بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکانەوە دەبێت، یەکێک لە کوڕەکانی گلەیی دەکات و دەڵێت، “موچەی شەهیدانەکەی دایکم 500 هەزار دینارە”.

رۆژی 11.3.1991، ئەو کاتەی شاری هەولێر پلانی رزگارکردن و راپەڕینی دادەنا، ژنێکی باریکەلەی تەمەن 46 ساڵ لە گەڕەکی سێتاقانی شارەکە دێتە شەقامەکان و بەرەو باڵەخانەی پارێزگا بەڕێدەکەوێت.

ئەو بە هوتافکێشان پێشڕەوی ئەو گەنجانەی دەکرد کە لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگا چەکیان هەڵگرتبوو، لە شەقامی 60 مەتری بەگولـلەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق بریندار دەبێت، بەڵام هێشتا کۆڵنادات و لەکۆڵانی بەردەم پارێزگا بە گولـلەی قەناس گیانی دەبەخشێت، دواتر لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد دەنێژرێت.

فەیزوڵا باوە، کوڕی شەهید خەجە باوە، بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “یەکەم شەهیدی ژن لە راپەڕینی هەولێر موچەکەی 500 هەزار دینارە، کەچی خەڵکانێک کە دووژمنی کورد بوون ئێستا موچەکەیان لە سەرووی دوو ملیۆنە”.

فەیزوڵا وتیشی، “تەنیا پارچەیەک زەوی 140 مەترییان پێداوین، لە گەڕەکی کوردستانی ئێستا و ‘حەی سەدام’ی ئەوسا”.

خەجە باوە لە ساڵی 1945 لە گوندی مەلاقەرەی سەر بە ناحیەی دیبەگە لەدایکبووە.

بەپێی گێڕانەوەکان، ئەو کاتەی تەمەنی 17 ساڵ بووە، لەگەڵ شۆڕشی کوردی لە ساڵی 1962 رۆڵی بەرچاو دەبینێت لە یارمەتیدانی پێشمەرگە.

وەک نەوەکانی باسی دەکەن، لە ساڵی 1968 دوو پێشمەرگەی بریندار لە ماڵەکەی حەشار دەدات، تەنانەت کوڕ و کچەکانیشی نایزانن.

خەجە باوە خاوەنی سێ کچ و چوار کوڕە، خوێندنگەیەکی ئامادەیی بەناویەوە ناونراوە لە هەولێر.

ساڵێک بەر لە ئێستا بەردی بناغەی پەیکەرەکەی لەو شوێنەی گیانی تێدا بەخشیبوو دانرا، بڕیارە ئەمڕۆ 11.3.2023 پەردەی لەسەر لابدرێت. شوێنەکە دەکەوێتە بەردەم دەرگای دواوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شەقامی 30 مەتری شاری هەولێر.