عەلی خامنەیی رێبەری ئێران و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
ئەکسیۆس نهێنییەکی ئاشکراکرد
سیناریۆی کوشتنی خامنەئی و موجتهبای كوڕی لەبەردەم پنتاگۆنە
964+
ئەحمەد مستەفا
پێگەی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی نهێنی ئەوەی بڵاوکردەوە، ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە پێشنیارێک قبوڵ بکات بۆ پیتاندنی رەمزی یۆرانیۆم
لە ئێران، بەڵام لە ئەگەری رێکنەکەوتن، پنتاگۆن سیناریۆی پلانی کوشتنی رێبەری ئێران و موجتەبای کوڕی لەبەردەستە.
بە قسەی ئەو بەرپرسە بێت، ئێرانییەکان دەبێ ئۆفەرێک پێشکەش بکەن کە ئەمریکا نەتوانێت رەتی بکاتەوە، ئەگەر بیانەوێت پێش بە هێرش بگرن.
بە گێڕانەوەی بەرپرسەکە، سەقفی چاوەڕوانییەکان سەبارەت بە پێشنیاری ئەتۆمی داهاتووی ئێران زۆر بەرز بووەتەوە، لەهەمان بڵاوکراوەدا ئەکسیۆس لە زاری راوێژکارێکی ترەمپ دەڵێ، سەرۆک “دۆناڵد ترەمپ” تا ئێستا بڕیاری نەداوە هێرش بکاتە سەر ئێران.
بەڵام، پنتاگۆن پلانی هەیە بۆ هەموو سیناریۆیەک، لەوانەش تیرۆرکردنی، عەلی خامنەئی رێبەری ئێران و موجتەبای کوڕی، هێشتا بڕیار نەدراوە هێرشەکە بکرێ و سەرۆک بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و رەنگە لە هەر ساتێکدا بڕیاری ئەوە بدات.
دوێنێ هەینی 20.2.2026 لە کۆشکی سپی و لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆ ناچارکردنی ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی، ئەمریکا هێرشی سنووردار دەکاتە سەر ئێران؟، دۆناڵد ترەمپ وتی، “زۆرترین شت لەوبارەیەوە کە دەتوانم بیڵێم، ئەوەیە لەئێستادا تاوتوێی دەکەین”.
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، ترەمپ تاوتوێی هێرشێکی سەربازیی سنووردار بۆ سەر ئێران دەکات، بۆ ئەوەی بە داواکارییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ رازی بێت.
رۆژنامەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکربووەوە کە ئەگەر مۆڵەتی هێرشەکە وەربگیرێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت و چەند ناوەندێکی سەربازیی و حکومەتیی ئێران دەکرێنە ئامانج.