جێگری سەرۆکی حکومەت: ئاوی گۆپته‌په پڕۆژه ستراتیژیەکەیە
“كۆمیسیۆنه‌كەی چه‌مچه‌ماڵ له ژێر ناوێكی دیكه‌دا خزمەتی هاوڵاتیانی سنورەکە دەکەن”
964+
فەرهاد حەسەن
جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم دەڵێت، ئه‌و پاره‌یه‌ی له قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ماوه‌ته‌وه، بۆ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری خه‌رجده‌كرێت و كۆمیسیۆنه‌كەش له ژێر ناوێكی دیكه‌دا خزمەتی هاوڵاتیانی سنووری چه‌مچه‌ماڵ دەکات، دەشڵێت “هەوڵدەدەین لە نزیكترین ده‌رفه‌تدا پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە ته‌واوبكرێت”.
رۆژی 9.12.2025 شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە چەند ناوچەیەک دروستبوو و لە چەمچەماڵ بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج كەس و زیاتر لە دوو هەزار و 600 ماڵیش زیانیان بەركەوت.
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆک وه‌زیران له‌په‌یامێكدا لە فەیسبووکەکەی بڵاویكرده‌وه، “ئه‌مڕۆ بۆ جاری سێیه‌م سه‌ردانی چه‌مچه‌ماڵم كرد و له نزیكه‌وه به دواداچونم بۆ چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كه كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانه‌وه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و بۆردی چاودێری كۆبومه‌وه”.
دەشڵێت “هه‌رچه‌نده پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كه ته‌واو بووه، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی كۆمیسیۆنه‌كه نمونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوی له خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵی پێشكه‌ش كردووه، بڕیارماندا ئه‌ندامانی ئه‌م لیژنه‌یه له ژێر ناوێكی دیكه‌دا به‌رده‌وام بن له خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی ئازیزی ده‌ڤه‌ره‌كه و ببنه رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی له نێوان خه‌ڵك و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه خزمه‌تگوزارییه‌كان”.
بڕیاریشیداوە، ئه‌و پاره‌یه‌ی لە پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كه ماوه‌ته‌وه، به سه‌رپه‌رشتیی ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه و هه‌روه‌ها له‌ژێر چاودێریی ئه‌ندامانی بۆردی چاودێری و كه‌سایه‌تییه متمانه‌پێكراوه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ، بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له ده‌ڤه‌ره‌كه خه‌رج بكرێت و دواتریش بۆ دڵنیابونه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك، ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی شه‌فافییه‌ته‌وه بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت.
خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵیشی دڵنیا کرده‌وه، کە له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وله‌وییه‌تی کاری ئەو ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی ستراتیژیی ئاوی گۆپته‌په‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش دەڵێت “له هه‌وڵی ته‌واوداین كه له نزیكترین ده‌رفه‌تدا ته‌واوبكرێت و كێشه‌ی ئاوی چه‌مچه‌ماڵ به یه‌كجاری چاره‌سه‌ربكرێت”.
بەگوێرەی ئامارەكانی کۆمسیۆنی فریاگوزاری بوژاندنەوەی چەمچەماڵیش، لە لافاوەكەی قەزای چەمچەماڵ و شارۆچكەكانی تەكیە، شۆرش و ئاغجەلەر دوو هەزار و 78 شوێنی نیشتەجێبون، شوێنی بازرگانی و ئۆتۆمبێل زیانی بەركەوتووە، كە بریتین لە هەزار و 302 ماڵ، 210 دوكان و كۆگا، لەگەڵ 569 ئۆتۆمبێل.