ئیدارەى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە
بەهۆى چاڵوچۆڵییەوە خەریکە رێگاى سماقوڵى پەکى دەکەوێت
964+
وریا فەتاح
سەرەڕاى ئەوەى لە مانگى ئابى 2025 رێگاکە نۆژەنکرایەوە، بەڵام بەهۆى کۆنى قیرەکەى، جارێکى تر رێگاى سماقوڵى پڕبووە لە چاڵوچۆڵى و پێویستى بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
رێگاى سماقوڵى کە ئیدارەى راپەڕین بە هەولێر دەبەستێتەوە، رێگایەکى یەکسایدى پڕ چاڵوچۆڵییە، جگە لەو قەرەباڵغییەى لەسەر رێگاکە هەیە، رێگاى تانکەر و بارهەڵگرە گەورەکانیشە و بەهۆیەوە رێگاکە پڕبووە لە چاڵوچۆڵى.
لە ئێستادا رێگاکە چەندین چاڵوچۆڵى گەورەى بۆ دروستبووە و رۆژانە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بەهۆى لێدان لەو چاڵانە تایەکانیان دەتەقێت و پەکیان دەکەوێت.
964 بەدواداچوونى بۆ کێشەکە کرد و لەگەڵ ئەندازیار ئەحمەد، سەرپەرشتیارى کەرتى چوار لە بەڕێوەبەرایەتى چاککردن و پاراستنى هەولێر قسەى کرد، ئەو بە 964ـى وت،”ئاگادارین کە رێگاکە کێشەى بۆ دروستبووە و چەندین چاڵوچۆڵى تێدایە و ئاستەنگى بۆ شۆفێران دروستکردووە”.
دەشڵێت: پڕۆژەیەکمان هەیە لەو رێگایە 20% پارەى وەرگیرابوو و 80%ـى ماوە، هەر کاتێک پارەمان بۆ دەرچوو رێگاکە نۆژەن دەکەینەوە و چاڵوچۆڵەکان بە تۆکمەتر چارەسەر دەکەین.
باسى لەوەشکرد، دەستەوستان نەوەستاون و بڕیاریانداوە سبەینێ و دووسبەى، قۆڵت و چاڵوچۆڵییەکان بەشێوەیەکى کاتى پڕبکەنەوە هەتا ئەوکاتەى پارەى 80%ـى پڕۆژەکە وەردەگیرێت و نۆژەنکردنەوەیەکى بنەڕەتى بۆ دەکەن.