قایمقام: چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە

لە چیای قەرەچوغ رێگری لە راوچییەکان کرا و تەقەی تێکەوت

964+

عەبدولعەزیز خاڵند – هەولێر

چەند راوچییەک کە خەڵکی دەرەوەی مەخمورن ئەمڕۆ بەنیازی راوکردن چوونەتە چیای قەرەچوغ بەڵام دانیشتوانی گوندێک رێگرییان لێکردوون و تەقە لە نێوانین دروست بووە، قایمقامیش پشتڕاستی ئەم رووداوە دەکاتەوە.

رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی عەلیەڕەش نزیکی ئەم چیایە روویداوە.

رزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخمور بۆ 964 پشتڕاستی کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم راوچیانە لە دەرەوەی مەخمور هاتبوون و گومان دەکات کە خەڵکی ناوخۆی مەخمور رێ نیشاندەریان بن.

وتیشی “ئەم حاڵەتە چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە”.

بەپێی قسەی شایەتحاڵێک، لەکاتی دروستبوونی تەقە لەنێوان هەردوولادا چەند مامزێک کوژراون و هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگەش زوو گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن