بەڵاى شۆفێران بوو
چاڵە مەترسیدارەکەى قەرەهەنجیر؛ دوێنێ 964 بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ چارەسەرکرا
964+
کاروان ساڵحى – کەرکوک
دوای ئەوەی دوێنێ، 964 راپۆرتێکی لەسەر مەترسییەکانی چاڵێکی گەورە لەسەر رێگای نێوان (قەرەهەنجیر – بانی مەقان) بڵاوکردەوە، کە ببووە هۆی تەقینی تایەی دەیان ئۆتۆمبێل و پەککەوتنی ئۆتۆمبێلى خەڵک و گەشتیاران، شارەوانی قەرەهەنجیر بەدەم داواکارییەکەوە هات و چاڵەکەی چاکیکرد.
دوێنێ 964 بەدواداچوونى بۆ چاڵەکە کرد و خاوەن بەنزینخانەیەکی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد کە شەوانە بەنزینخانەکەی دەبێتە “هۆڵی میوانداری” بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی ئەو چاڵەوە ئۆتۆمبێلەکانیان پەکى دەکەوێت، ئەمڕۆ سەرۆکی شارەوانی قەرەهەنجیر بە 964ـى رایگەیاند، وەک چارەسەرێکی کاتی و بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان شوێنەکەیان نۆژەنکردووەتەوە تا ئەو کاتەی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی کەرکوک پڕۆژە بنەڕەتییەکە جێبەجێ دەکات.
چاڵەکە لەسەر رێگاى سەرەکى کەرکوک سلێمانى، بە دیاریکراوى لە نێوان بانى مەقان و قەرەهەنجیر بوو، لە ماوەى رابردوو ژمارەیەکى زۆر ئۆتۆمبێل بەهۆى ئەم چاڵەوە پەکیان کەوت و تایەیان دەتەقى و چەند ئۆتۆمبێلێکیش تووشى وەرگەڕان بوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح