"پردەکە کێشەی نییە و خەتای شۆفێرانە"
حافز پردە نەگبەتەکەی رێگای هامڵتۆن؛ هەر بارهەڵگرەو خۆی پێدەگیرسێنێتەوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
هەرچی دێت و خۆی دەکێشێت بە پردی حافز و لە 24 کاتژمێردا دوو بارهەڵگر خۆیان بە پردەکەدا کێشاوە، هاتوچۆش دەڵێت، خێرایی شۆفێران و ناشارەزایی هۆکارە بۆ ئەو رووداوانە.
پردی حافز لەسەر رێگای هامڵتۆنە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە رێگایەکی ستراتیژی بازرگانییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران، ناوبەناو رووداوی هاتوچۆ لەسەر پردەکە روودەدەن و زۆربەشیان ترێڵە و بارهەڵگرن، لە پێش پردەکە پێچێک هەیە کە ئۆتۆمبێل دێت و ئیستۆپ دەکات کۆنتڕۆڵی لەدەست دەدات و خۆی دەکێشێ بە پردەکەدا.
لە دوای ئەو دوو رووداوەی شەو و رۆژی رابردوو، لە نزیکی پردەکە تاسەیەکی پلاستیکی دانراوە بۆ ئەوەی شۆفێران خێرایان کەم بکەنەوە و هەمست بە مەترسی رێگاکە بکەن.
لەسەر هۆکاری رووداوەکان، موحسین تەحسین وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە 964ـی وت، “خێرایی شۆفێران لە لایەک و ناشارەزایی شۆفێران لەلایەکی تر، هۆکارن بۆ ئەو رووداوانە و بەشی زۆری رووداوەکانیش، ئەو شۆفێرانەن کە خەڵکی ناوچەکە نین، ئەگەرنا لەڕووی ئەندازەی هاتوچۆوە پردەکە هیچ کێشەیەکی نییە”.
پردی حافز، یەکێکە لە پردە هەر گرنگەکانی ئیدارەی سۆران کە پردێکی ئاسنە، سۆران بە چۆمان و حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە و جگە لەو پردەش هیج رێگایەکی بەدیل نییە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری