وردەکاریی دابەشبوونەوەی هێزەکان لە حەسەکە
هەسەدە دێتە دەرەوە و سوپای سوریا دەچێتە شەدادی
964+
ئۆفێسى 964 لە رۆژئاواى کوردستان
بەپێی زانیارییەکانی تیمی 964 لە حەسەکە، لە چوارچێوەی پڕۆسەی تێکەڵبوون (ئیندیماج) و رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، جوڵەی هێزەکان و ئاڵوگۆڕی شوێنەکانیان دەستیپێکردووە و ئاسایشی خۆسەریش ئامادەکاری دەکات بۆ وەرگرتنی ئەو شوێنانەی بۆی دیاریکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، نەخشەی نوێی دابەشبوونی هێزەکان لە حەسەکە بەم شێوەیەیە دەبێت:
سوپای سوریا پاشەکشە دەکات
سوپای سوریا کە ئێستا لە دووری 15 کیلۆمەتر لە باشووری حەسەکە جێگیرە، پاشەکشە دەکات بۆ قەزاى شەدادی کە زیاتر لە 55 کیلۆمەتر لە حەسەکەوە دوورە.
هەسەدە لە شارەکان نامێنێت
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو شارەکان دەکشێنەوە و دەچنە ئەو خاڵ و شوێنانەی لە دەورووبەری شاری حەسەکە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا بۆیان دیاریکراوە.
ئاسایش شوێنەکان پڕدەکاتەوە
لەگەڵ کشانەوەی سوپای سوریا و جوڵەی هێزەکان، هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر (ئاسایشی رۆژئاوا) دەچنە ئەو ناوچانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە و شوێنی هێزە کشاوەکان پڕ دەکەنەوە.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح