هەموو شەوێک لە ڕۆژئاوا نەورۆزە؛

لە تربەسپی ئاگر و هەڵپەڕکێ بێدەنگیی شەو دەشکێنن

964+

وریا فەتاح

لە رۆژئاوای کوردستان، شەوان تەنیا کاتی پشوو نییە، بەڵکو کاتی کۆبوونەوە و ئاگرکردنەوەیە، بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی ئێستا ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، هاوڵاتیان شەقامەکانیان چۆڵ نەکردووە و گەرموگوڕی دەدەنە شەوە ساردەکان.

شەوی رابردوو لە شارۆچکەی تربەسپی، هاوڵاتیان تا درەنگانێکی شەو لەسەر شەقامەکان مانەوە، ئەوان نەک هەر نەخەوتن، بەڵکو ئاگریان کردەوە و بە دەوری بڵێسەکاندا سەمایان دەکرد و پێکەوە گۆرانییان دەوتەوە، وەک ئەوەی هەموو شەوێک لای ئەوان نەورۆز بێت.
کورد و ئاگر؛ دوانە دانەبڕاون
ئاگر بۆ کورد تەنیا سەرچاوەی گەرمی نییە، بەڵکو سیمبولی مانەوە و تێکۆشانە. هەرکاتێک دۆخێکی جیاواز یان سەخت رووبەڕووی کورد دەبێتەوە، هاوڵاتیان پەنا بۆ ئاگر دەبەن، لە دەوری کۆدەبنەوە و بەو هێزەی لە بڵێسەکانەوە وەریدەگرن، رووبەڕووی تاریکی دەبنەوە.