دەڵێن پێی خلیسکاوە
گەنجێک لە پڕۆژەی ئاوی خورماتوو خنکا
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
گەنجێکی قەزای خورماتوو کەوتە نێو پرۆژی ئاوی قەزاکە و پاش رزگارکردنی و گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.
ئیبراهیم خالید، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو بە 964ـی وت،”نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 25 ساڵان گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان، پاش پشکنین و هەوڵدانێکی زۆر بۆ ئەوەی هەناسەی بۆ بگەڕێندرێتەوە، بەڵام گیانی لەدەست دا.
وتیشی، گەنجەکە تەمەنی 25 ساڵە و ماڵیان نزیکی پڕۆژەئاوەکەیە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چووەتە سەر ئەو پڕۆژە ئاوەکە و ویستوویەتی پشوویەک بدات، بەڵام لەناکاو پێی خلیسکاوە و کەوتووەتە ناو ئاوەکە، هەرچەندە هەوڵی خۆڕزگارکردنی داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مەلەی نەزانیوە، ژێر ئاو کەوتووە.
راشیگەیاند، لەنزیک پڕۆژەکە هێزێکی ئەمنی هەن و لەوێ جێگیرن، گەنجەکەیان بینیوە لە ناو ئاوەکەدایە و هەوڵی خۆڕزگارکردن دەدا، دەستبەجێ بەهانایەوە چوون، هەرچەندە دەستبەجێ گەنجەکەیان لە ئاوەکە دەرهێناوە، بەڵام پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە و مانەوەی بۆ ماوەی چەند خولەکێک، گیانی لەدەست دا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا