ئاڵای عێراق و ئەمریکا دەردەکەوێت _ وێنە: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق
بزانە چی پێدەدات
ئەمریكا پاڵپشتی بونیادنانەوەی ژێرخانی ئەمنیی عێراق دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ شەممە ئەمریكا رایگەیاند، رەزامەندی داوە لەسەر رێككەوتنێك بۆ پاڵپشتیكردنی بونیادنانەوەی ژێرخانی ئەمنیی عێراق بە بەهای 90 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی تەکنەلۆجیای سەربازی بڵاویکردۆتەوە، “وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی كەلوپەلی سەربازی دەرەکی بە عێراق داوە کە دەکرێت بەهاکەی بگاتە 90 ملیۆن دۆلار، بۆ فراوانکردنی پاڵپشتی لۆجستی بۆ سیستمی پشکنینی ئۆتۆمبێلەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق”.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “دەزگای هاوکاریی ئاسایشی بەرگریی ئەمریکا (DSCA) کۆنگرێسی لە رێککەوتنە پێشنیارکراوەکە ئاگادارکردووەتەوە، کە گرنگی بە چاککردنەوە و پشتگیریکردنی سیستمی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان دەدات کە بە VACIS XPL ناسراون، کە بەدرێژایی سنوورەکانی عێراق جێگیر کراون”.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “حکومەتی عێراق داوای درێژکردنەوەی دوو ساڵی خزمەتگوزاری لۆجستی گرێبەستی (CLS)ی بۆ سیستمەکانی VACIS XPL کردبوو، کە بە تایبەتی بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێل بۆ چەک و کەرەستەی کیمیایی و بایۆلۆجی و تیشکی و ئەتۆمی و ماددەی هۆشبەر و کەرەستەی قاچاخی دیکە داڕێژراون”.
“درێژکردنەوەکە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پشتگیری 24 کاتژمێری لەخۆدەگرێت، هەروەها چاککردنەوەی چاکسازی و خۆپارێزی، پارچەی یەدەگ، چاککردنەوە، نوێکردنەوەی نەرمەکاڵا و تواناکانی چاودێریکردن لە دوورەوە”، ئەمەش لە راپۆرتەكەدا هاتووە.
هەروەها باسی ئەوە دەكات، “كۆمپانیای لایدۆس وەک بەڵێندەری سەرەکی بۆ پڕۆژەکە دەستنیشانکراوە کاری تەکنیکی و ئەندازیاریی پێویست ئەنجامدەدات”.
راپۆرتەکە پشتڕاستی کردەوە کە “گرێبەستەکە هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پشتگیری لۆجستی و تەکنیکی لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و بەڵێندەرانی بەشدار لە پڕۆژەکەدا دەگرێتەوە”.
بە گوێرەی سەرچاوەكە، “ئامانجی فرۆشتنی پێشنیارکراوی كەلوپەلی سەربازی بە عێراق، بەرزکردنەوەی توانای ئەو وڵاتەیە بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێستا و داهاتوو لە رێگەی دڵنیابوون لە بەردەوامی کارکردنی سیستمی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانی لە خاڵە سنوورییەکاندا”.