بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی عەباس عەراقچی. دانوستانی ئێران و ئهمهریكا له ههفتهی رابردوو له عومان
وەزیری دەرەوەی ئێران وادەڵێت
ئێران و ئەمریکا رێککەوتن درێژە بە دانوستانەکانیان بدەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە رێککەوتنێک بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا کراوە.
عەراقچی ئەمڕۆ هەینی 6.2.2026 لە راگەیاندراوێکی رۆژنامەوانیدا وتی، “ئەمڕۆ لە مەسقەت گفتوگۆمان لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجام دا، دەستپێشخەرییەکی باشە”، جەختیشی لەوە کردەوە کە “رێککەوتن هەیە بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا”.
عەراقچی زیاتر وتی، دیدگای خۆمان گەیاندە ئەمەریکا و گوێمان لە تێڕوانینی لایەنی بەرامبەر بوو، دەتوانین بڵێین گفتوگۆکان ئەرێنی بوون.
روونیشیکردەوە، رێککەوتین لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان، لە چەند رۆژی داهاتووشدا وادە و شوێنی دانیشتنی داهاتوو دیاریی دەکەین.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئێستا لە قۆناغی دروستکردنی متمانەداین، گفتوگۆکانی ئەمڕۆش ئەرێنی بوون”، جەختیشیکردەوە “ئەگەر لەسەر ئەم رێبازە ئەرێنییە بەردەوامبین، دەگەینە چوارچێوەیەک بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکان”.
ئەمڕۆ لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان، خولی نوێی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستیپێکرد.
وەزارەتی دەرەوەی عومانیش لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، گفتوگۆیەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بووە، بەجۆرێک بەدر ئەلبوسەعیدیی وەزیری دەرەوەی عومان بە جیا لەگەڵ عەباس عەراقچیی وەزیری دەرەوەی ئێران و سیتڤ ویتکۆڤ نوێنەری ئەمریکا و گارێد کۆشنەر راوێژکار و زاوای دۆناڵد ترەمپ کۆبووەتەوە.