پێشکەشکارە دیارەکەی بەرنامەی "گەڕیدە"
ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی وریا حەمەکەریم تێپەڕی
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ئەمڕۆ 6ـی شوبات، ساڵێک بەسەر گیانلەدەستدانی وریا حەمەکەریم، پەیامنێر و پێشکەشکاری دیاری کەناڵی NRT تێدەپەڕێت، کە لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگەی عەربەت – سلێمانی گیانی لەدەستدا.
بەیانییەکی زووی 6ـی شوباتی 2025، کاتێک وریا حەمەکەریم بەڕێوەبوو بۆ تۆمارکردنی ئەڵقەیەکی نوێی بەرنامەی “گەڕیدە”، لەسەر رێگەی عەربەت – سلێمانی تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو و هەر ئەو کاتە گیانی لەدەستدا، مەرگی ئەو لەو ساتەدا کوردستان و ناوەندی رۆژنامەگەریی تاساند، بەوپێیەی یەکێک بوو لەو پەیامنێرانەی هەمیشە لە مەیدان و ناو خەڵکدا بوو.
وریا هەمووانی بە پەپوولە بانگ دەکرد و لە دوای خۆی دوو منداڵی جێهێشتووە و لە یادەوەری هاو پیشەکانیدا وەک مرۆڤێکی دڵسۆز و ماندوونەناس باسی لێوە دەکرێت، ئێستا دوای ساڵێک، هێشتا بینەرانی بەرنامەی گەڕیدە و هاوکارانی، بە خەمناکییەوە یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە کە تێیدا دەنگێکی کاریگەری شاشە بۆ هەمیشە بێدەنگ بوو.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر