"پرۆژەی سوریای دیموکراتی بەهێزتر بوو"
غەریب حەسۆ: رێکەوتنی (هەسەدە) و دیمەشق پیلانێکی گەورەی هەواڵگری پووچەڵکردەوە
964+
فەرهاد حەسەن
هاوسەرۆکی (پەیەدە) دەڵێت پیلانێکی گەورەی هەوالگری لە سوریا لەئارادا بوو بەڵام رێککەوتنەکەی (هەسەدە) و دیمەشق پیلانەکەی پووچەڵکردەوە و پرۆژەی سوریای دیموکراتی بەهێزتر کرد.
غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) رایگەیاند، رێککەوتنی ئەم دواییە هەنگاوێکی راستەوخۆیە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی فراوان کە گەلی کورد و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی لە سوریا دەکردە ئامانج، جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە ئەم پیلانگێڕییە تەنیا سەربازی نەبووە بەڵکو رەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و میدیاییەکانیشی لەخۆگرتبووە.
راگەیەندنی (پەیەدە) ئەم قسانەی حەسۆی بڵاوکردوەتەوە، ئەوە رووندەکاتەوە کە پیلانەکە پشتی بە تۆڕە هەواڵگرییەکان و چاودێریکردنی چڕوپڕی سۆشیال میدیا بەستبوو، بە ئامانجی تێکدانی پڕۆژەی دیموکراسی و نەهێشتنی مافەکانی گەلی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پیلانەکە لە میانی کۆبوونەوە نهێنییەکان لە چەند پایتەختێکدا داڕێژراوە و لە کۆبوونەوەیەکدا لە پاریس کۆتایی پێهاتووە پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی بەئامانجکردن دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەم دووپاتیشی کردەوە کە خۆڕاگری گەلی کوردستان بە سەرۆکایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژنان (یەپەگە و یەپەژە)، وەڵامی یەکلاکەرەوەی ئەم پیلانگێڕییەی پێکهێنا.
غەریب حەسۆ دەشڵێت “گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ رێککەوتنەکە سنووردار دەمێنێتەوە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا لەوانەش فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دەکەن، ئەگەری گەیشتنی شاندێکی فەرەنسیش بۆ ناوچەکە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی جێبەجێکردن لە ئارادایە”.