هۆکارەکەی نەبوونی کارەبایە
لە کۆبانێ 14 وێستگەی دابەشکردنی ئاو لەکارکەوتوون
964+
فەرهاد حەسەن
فەرمانگەی ئاوی کۆبانێ ئاشکرای کرد کە بەهۆی بێ کارەباییەوە 14 وێستگەی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەیان لەکار کەوتوون، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە شارەکە تووشی قەیرانی کەمئاوی ببێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن زۆزان خەلیل هاوسەرۆکی فەرمانگەکە لەبەردەم شارەوانی گەل خوێندرایەوە، ئاماژە بەوە کرا کە 14 وێستگەی ئاو بەهۆی پچڕانی کارەباوە لەکارکەوتوون و نزیکەی 20 رۆژیشە شاری کۆبانی و گوندەکانی تووشی کەمئاوی هاتوون و ژیانی زیاتر لە 500 هەزار کەوتووەتە مەترسییەوە.
باسی لەوەش کرد کە هەرچەندە کاربەدەستانی حکومەتی کاتی سوریا بەڵێن دابینکردنی کارەبایان پێداون بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و شارەکە بێ کارەبایە.