کۆبانێ
دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشەكان نییە
14 رۆژە كۆبانێ لە ژێر گەمارۆدایە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
چواردە ڕۆژە شاری کۆبانی لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردایە و نزیکەی 600 هەزار کەس لە دۆخێکی مرۆیی ترسناکدا دەژین.
میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان دەڵێن، دەرمانی پێویست بەردەست نییە، کارەبا دەبڕێت، سووتەمەنی تەواو بووە، خۆراکیش کەم بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتووان بەردەوامن لە پابەندبوون بە هەڵبژاردنی خۆڕاگری و بەرخۆدانی خۆیانەوە.
شاری کۆبانی لە چواردە رۆژی رابردوودا لە ژێر گەمارۆدا ماوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بارودۆخی مرۆیی تێکدەچێت و زۆریی پێداویستییە سەرەتاییەکان بەرەو كۆتاییە، شارەکە بەدەست کەمی دەرمانەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک بەرزیی فشاری خوێن و شەکرەیان هەیە، هەروەها تووشبووانی شێرپەنجە رێگرییان لێ کراوە کە چارەسەری خۆیان تەواو بکەن، چونکە دەبێت لە دەرەوەی شار بەدوای چاودێری پزیشکیدا بگەڕێن. هەروەها شیری منداڵانیش بە زەحمەت دەستدەكەوێت، ئەمەش قەیرانی مرۆیی زیاتر توندتر دەکات.
سەرچاوەكانی ئەوێ دەڵێن، لەژێر ئەو گەمارۆیەدا، بازاڕەکان لە سەوزە و خۆراکە سەرەتاییەکان بەتاڵ کراون، هاوکات پچڕانی کارەبا وایکردووە چەند بەشێکی گرنگ لەناو نەخۆشخانەکانی شارەکەدا دابخرێن، قەیرانەکە بە کەمبوونەوەی سووتەمەنی خراپتر بووە و ژیانی رۆژانەی نزیکەی 600 هەزار دانیشتووی شارەکە قورستر کردووە.
هاوكات هەموو میدیاكان لە رۆژانی رابردوو هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە، سەرما گیانی چوار منداڵی برد، ئەمەش وێنایەکی قورسی قەبارەی کارەساتە مرۆییەکانە. سەرەڕای هەلومەرجی سەخت، خەڵکی کۆبانی بەردەوامن لە بەرخۆدانیان بەرامبەر بە گەمارۆی سەپێنراو، پابەندبوونی خۆیان بە بژارەی خۆڕاگری و بەرگریکردن لە شارەکەیان دووپات دەکەنەوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە “بەرخۆدان بنەمای قۆناغی نوێیە”.