پایسكلسواری پۆڵەندی ئادەم بۆریكۆ
دەیویست بچێتە ساردتترین شوێنی دنیا و گیانی لەدەست دا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پایسكلسواری پۆڵەندی ئادەم بۆریكۆ لە 31.1.2026 لە هوتێلێكی رۆژهەڵاتی رووسیا بە مردوویی دۆزرایەوە، ئەو دەیویست جەستەی مرۆڤ بە ساردی و گەرمی تاقی بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان نەیتوانی ئامانجەكەی بێنێتەدی.
ئادەم بۆریكۆ لە هوتێلێكی شارۆچكەی خەندیگا گیانی لەدەست دا، كە 400 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی یاكۆتسكییەوە دوورە.
ئادەم پلانی هەبوو لە یاكۆتسكییەوە بە پایسكل بچێتە ئۆیمیاكۆن، كە شوێنێكە پلەی گەرمی دەگاتە 50ی پلەی ژێر سفر، بڕیاریش بوو لە 25ی ئەم مانگە گەشتەكەی دەستپێبكات و كۆی رێگاكەی 914 كیلۆمەتر بوو.
ئادەم بۆریكۆ بە سەلامەتی گەیشتبووە هوتێلەكەی، بەڵام هێشتا هۆكاری مردنەكەی نادیارە و پۆلیس لێكۆڵینەوە دەكات.
ئەو وەرزشوانە پۆڵەندییە، ئامانجی تاقیكردنەوەی جەستەی مرۆڤ بوو
بەرامبەر سەرما و گەرما و بەستەڵەك، پێشتریش دوو گەشتی دیكەی گەورەی كردووە، لە 2023 بیابان و چیای ئەتڵەسی لە مەغریب بڕیوە، كە پلەی گەرمای سەرووی 50 پلەیە لە هەندێك كاتی ساڵدا، لە 2024یشدا بە پایسكل باشوور تا باكووری هیندی بڕیوە و گەیشتووەتە بەرزاییەكانی چیای هیمالایا.