عەلی خامنەئی رێبەری ئێران - وێنە؛ ئیرنا
"هەڕەشەکانی ئەمریکا تازە نین"
عەلی خامنەئی: شەڕی ئەمجارە ناوچەیی دەبێت
964+
شۆڕش قادری
عەلی خامنەئی رێبەری ئێران روو لە ئەمریکا دەڵێت، با بزانێت ئەگەر ئەمجارە شەڕ هەڵگیرسێنێت، شەڕی ناوچەیی دەبێت.
خامنەئی لەکۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی وڵاتەکەی و لە وتارێکدا بەبۆنەی 47ـەمین ساڵیادی شۆڕشی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا وتی، “ئەوی کە هەندێک جار باسی شەڕ و ناردنی کەشتی جەنگی دەکەن، شتێکی تازە نییە و لە رابردووشدا ئەمریکییەکان هەڕەشەی لەو جۆرەیان کردووە و وتوویانە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، لەوانەش بژاردەی شەڕ”.
“لە شەڕدا دەستپێشخەری ناکەین و هێرش ناکەینە سەر هیچ وڵاتێک، بەڵام با ئەمریکییەکان بزانن، ئەگەڕ شەڕ هەڵگیرسێنن، ئەمجارە شەڕی ناوچەیی دەبێت”، خامنەئی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی ئێران لەو هەڕشانە ناترسێت و کاریگەرییان لەسەر دروست ناکات، ئەگەر لەلایەن وڵاتێکیشەوە ئازار و ئەزیەت بدرێن و هێرشیان بکرێتەسەر، بە مشتێکی بەهێز وەڵامی دەدەنەوە.