تۆم باراک دێت؟

مارک ساڤایە نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ عێراق لە پۆستەکەى دورخرایەوە

964+

وریا فەتاح

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بڵاوى کردەوە، مارک ساڤایا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو لەلایەن دۆناڵد تڕەمپەوە وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق دەستنیشانکرابوو، چیتر لەو پۆستەدا نەماوە.

رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، هۆکاری دوورخستنەوەی مارک ساڤایا ئەوە بووە کە نەیتوانیوە رێگری لە کاندیدکردنی نوری مالیکی بکات، کە ئەمەش پێچەوانەی هۆشدارییە ئاشکراکانی پێشووی ترەمپ بووە بۆ حکومەتی عێراق.

دوورکەوتنەوەی ساڤایا لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا روو لە زیادبوونە، بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێران لە سیاسەتی عێراقدا.

هەروەها دۆناڵد تڕەمپ هۆشداری توندی داوەتە عێراق کە ئەگەر نوری مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق دەبڕێت.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەگەرى بەهێز ئەوەیە، تۆم باراک، نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروبارى سووریا کە لەم دواییانەدا چەندجارێک سەردانى هەولێرى کرد، ببێتە نوێنەرى ترەمپ بۆ کاروبارى عێراق.

ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرا ساڤایا ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان تیمی نوێی تڕەمپ و حکومەتی عێراق بگێڕێت، بەڵام ئێستا نادیارییەک لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا دروست بووە.

مارك ساڤایا: من لەسەر کارەکەمم

مارك ساڤایا: من لەسەر کارەکەمم