خۆشناوەتى
یەکێکیان گیانى لەدەست دا؛ سێ ئەندامى خێزانێک بەهۆکارێکى نادیار رەوانەى نەخۆشخانە کران
964+
وریا فەتاح
لە گوندى خەتێى خۆشناوەتى، سێ ئەندامى خێزانێک بە هۆکارێکى نادیار رەوانەى نەخۆشخانەکراون و یەکێکیان گیانى لەدەستداوە.
باوک و کوڕ و نەوەیەک
فەرهاد شێخ وەسانى، بەڕێوەبەرى کارگێڕى نەخۆشخانەى بالیسان بە 964ـى وت،”دوێنێ هەینى سێ ئەندامى خێزانێک کە (باوکێک و کوڕ و نەوەیەک)ن، رەوانەى نەخۆشخانەکەمان کران و بە هۆکارێکى نادیار بارودۆخى تەندروستیان تێکچووبوو”.
وەک باسى دەکات، بەهۆى ناجێگرى بارودۆخى تەندروستیان رەوانەى هەولێر کراون، بەڵام شەوى رابردوو، نەوەى پیاوەکە کە منداڵێکى تەمەن پێنج ساڵان بوو گیانى لەدەست دا و ئێستا باوک و کوڕەکە لە ژێر چاودێرى پزیشکیدان و باوکەکە بارودۆخى تەندروستى ناجێگیرە.
لە بارەى حاڵەتەکەوە، فەرهاد شێخ وەسانى وتى،”تا ئێستا دیارى نەکراوە هۆکارەکەى چییە، بەڵام گومان دەکرێت پەیوەندى هەوکردنێکى ڤایرۆسییەوە هەبێت لەمێشکیاندا، بەڵام سەرچاوەى حاڵەتەکە دیار نییە.
ئاشکراشى کرد، باوکەکە ئیشى دەرمانى گیایى و کوردەوارى کردووە و نەخۆشى سووتاوى چارەسەر کردووە، بەڵام ئایا حاڵەتەکانیان پەیوەندى بەوەوە هەیە یان نا، تائێستا دیار نییە.
روونیشى کردەوە، کوڕەکە دۆخى باشە، بەڵام باوکەکە رەوشى تەندروستى ناجێگیرە.