گەیشتووەتە کۆڕێ

لە هیرانەوە بەپێ بەڕێکەوتووە؛ بۆ خۆپیشاندانەکەى هەولێر

964+

عەبدولعەزیز خالند- هەولێر

ئاوارە ئەسعەد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی هیرانە، کاتژمێر 7:17ـی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە هیرانەوە بەپێ بەڕێکەوتووە بۆ شارى هەولێر و لە کاتژمێر 1:30 خولەک گەیشتووەتە کۆڕێ.

دووریی نێوان هیران و هەولێر بە ئۆتۆمبێل نزیکەی کاتژمێرێک و 48 خولەک دەخایەنێت، بەڵام بۆ کەسێک کە بیەوێت بەپێ ئەو رێگەیە ببڕێت، پێویستی بە 9 بۆ 12 کاتژمێر رۆیشتن هەیە.

ئاوارە، بە ماوەى شەش کاتژمێرى بێ وەستان، لە هیرانەوە گەیشتووەتە کۆڕێ، وەکخۆى بە 964ـى وت،”هێشتا سێ کاتژمێرى دیکەى پێویستە تا دەگاتە ناوبازاڕى هەولێر”.

دەشڵێت: لەرێگا نەوەستاوە و تەواوى ئەو کاتەى بەڕێکەوتووە لە رێگادابووە و تا خۆپیشاندانەکەى هەولێریش ناوەستێت.

ئەم هەنگاوەی ئاوارە لە کاتێکدایە، بڕیارە کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەبەردەم باخی شاری هەولێر، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی فراوان لە ژێر ناوی “هەینیی کوردان و بەرخودان” بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوا ئەنجام بدرێت.

ئاوارە ئەسعەد دەیەوێت بەم ماندووبوونە پەیامی هاوسۆزیی خۆی و خەڵکی ناوچەکەی بۆ شەڕڤانان و مەدەنییەکانی رۆژئاوای کوردستان دوپات بکاتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

هاووڵاتییەک لە هیرانەوە بەپێ بەرەو هەولێر بەڕێکەوت

هاووڵاتییەک لە هیرانەوە بەپێ بەرەو هەولێر بەڕێکەوت