بەشێک لە بەنداوێکی گەرمیان هەرەسی هێناوە
بەشێک لە بەنداوێکی گەرمیان هەرەسی هێناوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کەمێک پێش ئێستا بەشێک لە بەنداوی ناحیەی شێخ تەویل لە ئیدارەی گەرمیان هەرەسی هێناوە و هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە نزیکی ئەو چەم و بەنداوە نەکەونەوە.
ناحیەی شێخ تەویل دەکەوێتە باکوری قەزای کەلار و 52 کیلۆمەتر لە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دوورە.
ئەو بەنداوە لەلایەن هاوڵاتیانی سنوورەکە درووستکراوە بۆ گلدانەوەی ئاو و بەکارهێنانی بۆ کاروباری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.
لەوبارەیەوە، دانا ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی شێخ تەویل بە 964ی وت، ئێستا هیچیان پێناکرێت، چاوەڕێدەکەن تاوەکو سبەینێ ئاوی بەنداوەکە بەتاڵ ببێتەوە.
داوای لە هاوڵاتیان کرد نزیکی ئەو بەنداوە و چەم و دۆڵەکانی ناوچەکە نەکەون چونکە مەترسیدارە.
لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، لە پارێزگای سلێمانی بە گشتی و ئیدارەی گەرمیان بارانی بەخوڕ دەبارێت، ئەوە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەک و ئاستەنگی هاتوچۆی درووستکردووە.