نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر روونکردنەوەی هەیە

“لە عێراق و هەرێم یاسایەک نییە رێگە بە مانەوەی زۆرەملێی نەخۆش بدات”

964+

ئەحمەد مستەفا

نەخۆشخانەی دەرونی هەولێر لەبارەی ئەو کەسەی سێ ئەندامی خێزانێکی لە هەولێر کوشت و پێشتر وەک نەخۆش چارەسەری وەرگرتووە دەڵێ، لە عێراق و هەرێم یاسایەک نییە رێگە بە مانەوەی زۆرەملێی نەخۆش بدات.

یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، سێ ئەندامی یەک خێزان، باوک و دایک و کوڕێکیان لە گەڕەکی شۆڕشی هەولێر نزیک شەقامی سورچیان، لە رووداوێکدا بە چەقۆ کوژران.

دەرکەوت تۆمەتبار پێشتر چارەسەری دەروونی وەرگرتووە، نەخۆشخانەی دەرونی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ 964 نێردراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 28.1.2026 وتی، نەخۆشخانەکە تایبەت نییە بە تاوانبارانی دەروونی (Forensic)، بۆیە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسەدا وەک “نەخۆش” کراوە نەک “تاوانبار”.

بەپێی ڕوونکردنەوەکە، ئەو کەسە یەکەم جار لە ساڵی 2018 خەوێنراوە، بەڵام دواتر هەر جارێک هێنراوەتە نەخۆشخانە، لەسەر بەرپرسیارێتیی باوکی و پێچەوانەی ڕێنماییە پزیشکییەکان، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا براوەتەوە دەرەوە.

دواین جار لە 24.12.2025 خەوێنراوە، بەڵام لە هەمان رۆژدا لە کاتی پاککردنەوەی ژوورەکەیدا دەرفەتی دەستکەوتووە و لە نەخۆشخانە هەڵاتووە، نەخۆشخانەکە باسی لەوەکردووە، لە رۆژی 4.1.2026 بە نوسراوی فەرمی، هەریەک لە پۆلیس و ئاسایشی لە هەڵاتنی نەخۆشەکە ئاگادار کردووەتەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە؛

بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
ڕوون کردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

وەک نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی قوربانیانی ئەو کارەساتە دەکەین کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ هاوڵاتی بێ تاوان، خودا سەبووری کەس و کاریان بدات و قوبانیانیش بە بەهەشی بەرین شاد بکات.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند خاڵێک بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە کە مەبەست لێی کەمکردنەوە لەگەورەیی کارەساتەکە یان پاساو هێنانەوە نیە بۆ ئەم تاوانە.

نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر ، وەک هەموو نەخۆشخانە دەروونیەکانی جیهان جێگای چارەسەر و چاودێری نەخۆشانی دەروونیە لەسەر پرنسیپی تایبەتی پزیشکی بنیاتنراوەو کاری تێدا دەکرێت کە جیاوازە لەو ڕێکارانەی لە بەندیخانەکان پەیڕەو دەکرێت، ئەگەر بکرێتە بەندیخانە بۆ ئەوەی خەڵک لێ ی ڕانەکات ئەوا دوور دەکەوێتەوە لە پرەنسیپی نەخۆشخانە. لە هەمانکاتدا لە کوردستان نەخۆشخانەی دادی دەروونی نیە تایبەت بە نەخۆشانێک کە هەم نەخۆشن هەم تاوانبار بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشانی تاوانبارو پاراستنی کۆمەلگا لە مەترسیەکانیان.
لە کوردستان و لە عیراقیش یاسایەکی تایبەت نیە بەو جۆرە نەخۆشانە کەوا دەسەڵات بدا بە نەخۆشخانە کە بە زۆرەملێ بیانهێلێتەوە یان دوای ڕاکردن بیانگەڕێنێتەوە. وەک لە وڵاتانی پێشکەوتوو یاسای (mental health act) هەیە. شایەنی ئاماژە پێکردنە هەڵاتنی نەخۆش لە نەخۆشخانەی دەروونی وڵاتە هەرە پێشکەوتوەکان هەیە و دیاردەیەکی جیهانیە وە ڕێژەکەی زۆر زیاترە بە بەراورد لەگەڵ نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر.

ئەم کەسە وەک نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی کردووە نەک وەک تاوانبار. تا ڕێکاری ئەمنی تووندی بەرانبەر بگیرێتە بەر.
ئەم کەسە لە ساڵی 2018 بۆ یەکەم جار لە نەخۆشخانە خەوێنراوەو دوای ئەم ڕێکەوتە چەندین جاری تریش بڕیاری خەواندنی دراوه بەڵام لە هەموو جارەکان مانەوەی لە 24کاتژمێر تێپەڕی نەکردووەو لەسەر بەرپرسیاریەتی خانەوادەکەی بە تایبەت باوکی لە نەخۆشخانە دەرچووە بەدەر لە ڕێنماییە پزیشکیەکان.
هەروەکو ئاماژەمان پێکرد نەخۆشخانە هیچ دەسەڵاتەکی یاسایی نیە نەخۆش بە زۆرەملێ بهێڵێتەوە یان بگەڕێنێتەوە.
لە کۆتا جاری خەواندنی لە نەخۆشخانە لە ڕێکەوتی 21.12.2025 نەخۆش پێش کردنەوەی پەڕاوی پزیشکی نەخۆشخانە لەدەست باوکی و پۆلیس هەڵات. لە 21.12.2025 باوکی نەخۆشەکەی هێناوەتەوە نەخۆشخانەو دووبارە خەوێنراوتەوەو چارەسەری پێ دراوە بەڵام بە داخەوە لە 28.12.2025 لەکاتی پاککردنەوەی شوێنەکەی نەخۆش فرسەتی هێناوەو لە نەخۆشخانە ڕایکردووە.
دوای هەڵاتنی نەخۆش، نەخۆشخانە بە نووسرای فەرمی ژمارە (1) لە ڕێکەوتی 4.1.2026دەزگای ئاسایش و لە هەمان ڕێکەوتیش بە نووسرای ژمارە (1) دەزگای پۆلیسی لێ ئاگادار کردوەتەوە کە ناوبراو لە نەخۆشخانە ڕایکردووە.

هەموو ئەو زانیاریانەی ئاماژەی پێکراوە وەک دۆکیۆمێنتی پارێزراو هەیەو نەخۆشخانە ئامادەیە بۆ هەر ڕێکارێکی یاسایی بۆ پاراستنی مافی هەموو لایەک.

هیوادارین خودای گەورە سەبوری خانەوادەی قوربانیان بداو قوربانیان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.

نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر
28.1.2026