بەغدا بەرنامەی بۆ داناوە

 بایەعی بە شێوازێكی نوێ دابەش دەكرێت و بریكارەكان نامێنن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، پلان و بەدواداچوونێكیان ئامادە كردووە بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە بە شێوازێكی نوێ، كە پێشتر نەكراوە، ئەمەش وادەكات ئیتر بریكارەكان نەمێنن.

وەزارەتەكە بەرنامەیەكی هەیە شتومەکی سەبەتەی خۆراک راستەوخۆ بگەیەنێتە هاوڵاتیان، دەشڵێن، ئەمڕۆ و سبەی دیراسەكەیان تەواو دەبێت و هەرئەمساڵ بەرنامەكە جێبەجێ دەکرێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە: “کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەسەر گەیاندنی کەلوپەلی سەبەتەی خۆراک بە شێوەیەكی راستەوخۆ بۆ هاوڵاتیان لە رێگەی  بارهەڵگرەكانی کۆمپانیاکە، بە بەکارهێنانی میکانیزمی هاوچەرخ کە پێشتر كاری وا نەكراوە”.

دەشڵێت، “کۆمەڵە و هاوبەشی و هایپەرمارکێت هەن، كە بەکاردەهێنرێن بۆ کردنەوەی شوێنی گەیاندنی سەبەتەی خۆراک راستەوخۆ لە سەرجەم کۆگاکانەوە بۆ هاوڵاتیان”.

“ئەمساڵ زۆر بە زوویی پلانەكە جێبەجێ دەكرێت”، ئەحمەد عەلی وادەڵێت.

هەروەها روونیدەكاتەوە، “گەیاندن بەخۆڕایی دەبێت، لەگەڵ کۆمپانیاکە تێچوونەکانی لە ئەستۆ دەگرێت و میکانیزمی نوێش لە شوێنی خۆیدا هەیە”.

بە قسەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک، دابینکردنی سەبەتەی خۆراک ئەرکێکی نیشتمانییە کە پێویستی بە هاریکاری لەگەڵ حکومەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی خزمەتگوزارییەکە بگاتە هاوڵاتیان. هەروەها باسی ئەوە دەكات، “چاودێری لە کۆمپانیاکەدا هەیە و سەرجەم رێکارەکان پابەندن بەو کۆنتڕۆڵ و رێنمایانەی کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و كۆمپانیاكەوە دەرچووە، ئەمڕۆ و سبەی لێكۆڵینەوەکە تەواو دەبێت، هەروەها سەبەتەی خۆراک لە کۆگاکانی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی خۆراکەوە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ هاوڵاتی بەپێی میکانیزمە هاوچەرخەکان کە پێشتر پەیڕەو نەکراوە”.

بە گوێرەی ئەو كارەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستی داوەتێ، پێدەچێت ئیتر بریكارەكانی دابەشكردن كاریان نەمێنێ، هەرچەندە هێشتا شێوازە نوێیەكەی باسی دەكەن، روون نییە چۆنە.

964 دوو جار پەیوەندی بە بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراك لە هەولێر كرد، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

"هیچ ماددەیەكی خۆراكی لە بایەعییەكە كەمناكرێتەوە"