"شەش کەس دەستگیر کراون"
لە کەرکوک دەستبەسەر بۆرییەکی بەقاچاخبردنی نەوتی رەشدا گیرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە باشوری رۆژهەڵاتی کەرکوک دەست بەسەر بۆرییەکی بە قاچاخبردنی نەوتی رەش و دوو تانکەردا گیرا و شەش کەسیش دەستگیر کران.
سەرچاوەیەک هەواڵگری تایبەت لە سوپای عێراق بە 964ـی وت، “دوای چاودێریکردنی جموجوڵێکی دوو تانکەری گواستنەوەی نەوت لە سنوری نێوان ناحیەی لەیلان بۆ ناحیەی تازە، توانیمان لەگەڵ پۆلیسی وزە بەسەرپەرشتی فەریق روکن ساڵح حەرز فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، بۆرییەکی گواستنەوەی نەوتی رەش بدۆزینەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆرییە سەرەکییەکەی نێوان ئەو دوو ناحیەیە کونکراوە و بە بۆرییەکی دیکە و بە دووری چەندین مەتر، نەوتەکە راکێشراوە، پاشان لەوێوە بە تانکەری 36 هەزار لیتری دەدزرا و دەگوازرایەوە بۆ بازاڕی رەش.
بەقسەی سەرچاوەکە، لە پەیوەندی بەو رووداوە شەش کەس دەستگیر کراون و دەستیش بەسەر دوو تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنیدا گیراوە.
کێڵگەی جەمبور نەوتی سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەگوازێتەوە بۆ پاڵاوگەی نەوتی باشوور و چەندین جار ئەو بۆرییە تەقێندراوەتەوە و کونکراوە و نەوتی لێ دزراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری