خێزانی کۆبانێ لە رانیەن
کچە کۆبانییەک: دوو مامەم شەڕڤانن و لە کۆبانێن
964+
ئەحمەد محەمەد – رانیە
خێزانێکی خەڵکی کۆبانێ، لە ساڵی 2009 وە هاتوونە رانیە و ئاوارەی دەستی رژێمی ئەسەد بوون، ئەمڕۆ بەشداری گردبونەوەی پشتیوانی کوردانی باشووریان کرد و دەڵێن، کۆبانێ گەمارۆ دراوە و جیهان خیانەتی لێ کردووین.
یەکێک لە کچەکان دەڵێ، دوو مامەم شەڕڤانن و دوو مامەی دیکەم بە دەستی داعش شەهید کراون، باوکیان دڵی لای خەڵکە و دەیەوێ زوو گەمارۆی سەر شارەکە لاببرێ، چونکە دەڵێن، وا دە رۆژە نە ئاو، کارەبا، نەوت نییە و سەرمایەکی بەهێزە و منداڵ و خەڵک بێ نانن.
لە ئێستادا شارەکە بەدەست قەیرانێکی خنکێنەرەوە دەناڵێنێت و ئەمانەی خوارەوە لە بازاڕەکاندا نەماون:
1. شیری منداڵ بە تەواوەتی بڕاوە.
2. دەرمان و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان نەماون.
3. خەڵک پەنایان بۆ بەکارهێنانی ئاوی پیس و پاشماوەی بنەی تانکییەکان بردووە بۆ خواردنەوە، ئەمەش مەترسیی کۆلێرا و نەخۆشییەکانی تری زیاد کردووە.
ئەم دۆخە سامناکە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی سەر بە “حکومەتی کاتی” و فەسیلەکان گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر کۆبانێ، هاوکات لە گوندەکانی دەوروبەری شارەکە، پێکدادانی سەخت لە نێوان ئەو فەسیلانە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی رێگاکانی گەیشتنی هاوکاری.
نزیکەی هەفتەیەکە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و ناوچە جیاوازەکان پاڵپشتی رۆژئاوای کوردستان پشووی نەداوە، هەر رۆژە و شوێنێکی شارەکە گردبوونەوە و کۆبوونەوەی جەماوەری لێ بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتیان پشتیگیری خۆیان بۆ رۆژئاوا و خەباتی بێوچانی ئەم پارچەیەی کوردستان دووپات دەکەنەوە، ئەمە و جگە لەوەی کە لە چەندین شوێنی ئەم شارەش ماوەی چەند رۆژێکە کەمپین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەکەکان بۆ رۆژئاوا بەردەوامیان هەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا