دوکانی دابەشکردنی بایەعی. فۆتۆ؛ خۆراکی هەولێر
وەزارەتی بازرگانیی عێراق:
“هیچ ماددەیەكی خۆراكی لە بایەعییەكە كەمناكرێتەوە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دووپاتی کردەوە ئەو هەواڵانەی لە بارەی لابردنی کەلوپەل لە بەرنامەی بەشەخۆراک بڵاودەبنەوە درۆیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەشەخۆراکەکە بە تەواوی بەسەر هەر تاکێکدا دابەش دەکرێت بەبێ هیچ کەموکورتییەک.
ئەمڕۆ شەممە 24.1.2026 لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتەكە روونیکردووەتەوە، “بەشە خۆراکەکە بریتییە لە 9 کیلۆ ئارد، 3 کیلۆ برنج، 1 کیلۆ شەکر، 1 کیلۆ پاقلەمەنی (فاسوڵیا) جگە لە رۆن و دۆشاوی تەماتە”.
وەزارەتەکە لە درێژەدا رایگەیاندووە، “کۆگاکان، یەدەگی ستراتیژیی پێویستیان تێدایە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی دابەشکردن بەپێی پلانی پەسەندکراو”، هاوکات دووپاتیشیکردەوە کە “وەزارەتی بازرگانی رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرێتەبەر بەرامبەر بەو کەسانەی کە دەنگۆ بڵاودەکەنەوە بە ئامانجی چەواشەکردنی رای گشتی و هاندانی دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان”.
لەگەڵ وەزارەتەكە دەڵێت خۆراكەكان بەبێ كەموكوڕی دابەش دەكرێن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی 964، لە هەرێمی كوردستان زۆربەی مانگەكان كەلوپەلەكان هەمووی دابەش ناكرێن و نوقسانیی زۆریان تێدایە، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی كەلوپەلەكان بێ كوالێتیین.