لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق
قسەی وەزارەتی ناوخۆیە
لە زیندانەکانی حلە، دیوانیە و نەینەوا داعشەکان دابەشدەکرێن
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، گواستنەوەی هەزاران چەکداری زیندانیکراوی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بەردەوامە و بەسەر زیندانەکانی ناسرییە، حلە و نەینەوا دابەش دەکرێن.
ئەمە قسەی میقدا میری، وتەبێژی وەزارەتەکەیە و دەڵێ، نزیکەی پێنج هەزار چەکداریان هەڵگری رەگەزنامەی بیانین، لەو حەوت هەزار زیندانییەی دەهێنرێنە وڵاتەکەوە.
میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رۆژنامەوانان قسەی کرد ئەوەشی ووتوە، پلانی گواستنەوەی زیندانیانی داعش جێبەجێ دەکرێت، بەگوێرەی پلانەکە چەتەکانى داعش بەسەر زیندانەکانی ناسرییە، حلە و نەینەوا دابەش دەکرێن، وە دوو هەزار زیندانییان عێراقین.
بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشە و ئەگەرێکی نەخوازراو، سێ هێڵی بەرگریی لەسەر سنووری سووریا جێگیرکراون، هێڵی یەکەم لەلایەن پاسەوانی سنوور، هێڵی دووەم لەلایەن سوپا و هێڵی سێیەمیش لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەمریکا بەدەم داواکارییەکەی هەسەدەوە چوو و چەکدارانی داعش کە لەناو زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان و سوریا راگیراون دەگوازێتەوە عێراق.
لە ماوەی رابردوودا هێرشکردنەسەر ئەو زیندانانەی چەکدارانی داعشیان تێدایە، لەلایەن سوپای سوریا و گروپە چەکدارەکان مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە و هەرزوو هەسەدە داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چارەسەرێک بۆ ئەوە بدۆزنەوە ئەگەرنا کارەسات روودەدات.
شەوی رابردوو 21.1.2026، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە دەستیانکردووە بە گواستنەوەی ئەو چەکدارانە بۆ عێراق، لە وەجبەی یەکەمدا 150 چەکداری داعشیان لەناو زیندانەکانی حەسەکەوە گواستۆتەوە بۆ عێراق.