"ئەمانەتى شەهیدانە"
کۆبانێ لەناو تاریکیدایە؛ “هێڤی” هاوار بۆ هەموو کوردان دەکات
964+
وریا فەتاح
هێڤی، کچێکی نیشتەجێی کۆبانێ، لەناو گەمارۆیەکی توند و بڕینی هەموو هۆکارەکانی پەیوەندی، پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی گەلی کورد و جیهان دەکات و دەڵێت: “کۆبانێ لە مەترسییەکی گەورەدایە و لە هەموو لایەکەوە دەورەدراوە.”
بەپێی پەیامەکەی هێڤی، شارەکە رووبەڕووی سزادانێکی بە کۆمەڵ بووەتەوە. ئاو، کارەبا و تەواوی پێداویستییەکانی ژیان بڕاون، تەنانەت هێڵی ئینتەرنێتیش پچڕاوە و شارەکە لە تاریکییەکی ڕەهادایە.
بەشێک لە پەیامەکەى هێڤى:
-چەتەکان لە هەموو لایەکەوە لە شارەکە نزیک بوونەتەوە، منداڵان و بەساڵاچووان هیچ پێداویستییەکی سەرەتایییان دەست ناکەوێت.
-کۆبانێ ئەمانەتی شەهیدانی 2014ـەیە کە شارەکەیان لە چەتەکان پاراست، نابێت رێگە بدرێت ئەم ئەمانەتە بکەوێت.
داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو کوردێک دەکات، بێنە دەنگ و روو لە کۆبانێ بکەن، چونکە مەترسییەکان کاتژمێر دوای کاتژمێر زیاتر دەبن.
هێڤی لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە دەڵێت: “من دەنگی خۆم دەگەیەنمە هەموو جیهان، ئێمە لێرە بەرخودان دەکەین، بەڵام دۆخەکە زۆر سەخت و زەحمەتە.”