كوردانی پارچەكانی كوردستان لە هەڵەبجە گردبوونەوە
“هەموو پارچێین كوردستانێ یەكن”
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.1.2026 شاری هەڵەبجە خرۆشاوە و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی شارەكە و پارچەكانی دیكەش لەوێ گردبوونەتەوە بۆ پاڵپشتیی رۆژئاوای كوردستان.
نەورۆز كۆبانێ، خانمێكی خەڵكی رۆژئاوایە و بە دڵێكی پڕەوە بۆ 964 قسەی كرد و دەڵێت، “حەزدەكەم ئێستا بڕۆمەوە كۆبانێ و بەرگری لە شارەكەم بكەم، بەڵام ئەوە لەدەست من نییە”.
ئەو دەڵێت، خەڵكی رۆژئاوا وەزعیان باش نییە و جگە لە مەترسی و هەڕەشە، كەلوپەل و پێداویستییەكانی ژیانیشیان وەك پێویست نییە.
خانمێكی دیكەش بە ناوی عەدلە كۆبانێ، كە دەموچاوی خۆی پێچاوە، بە تەمەنیشە، بەڵام زۆر ئازایانە و بە ورەی بەرزەوە دەردەكەوێ و دەڵێت، دوژمنانی كورد ناتوانن لەناومان ببەن و كورد هەر سەردەكەوێت و پیلانی ئەردۆغان و شەرع سەرناكەوێت، دەشڵێت، “هەموو پارچەكانی كوردستان یەكن و جیانابنەوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا