بڕیارێکی پەروەردەی دهۆک کێشەی ناوەتەوە
قوتابیان و مامۆستایانی ئامادەیی مانگێش داوای دەکەن بەڕێوبەرەکەیان نەگۆڕن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بڕیاری گۆڕینی بەڕیوەبەرەکەیان لەلایەن پەروەردەی دهۆکەوە، ناڕەزایەتی قوتابیان و مامۆستایانی ناوەندیی مانگێشی لێکەوتەوە و داوا دەکەن نەیگۆڕن.
قوتابیان و مامۆستایانی ئامادەیی مانگێش لە ناحیەی مانگێشی سەر بە قەزای ناوەندی دهۆک، ئەمڕۆ چوارشەممە 8.3.2023 لەبەردەم قوتابخانەکەیان گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان نیشاندا.
ناڕەزایەتی ئەوان دژ بە بڕیارێکی پەروەردەی دهۆکە ودەڵێن “بەڕێوەبەرەکەمان خۆش دەوێت و نامانەوێت بگۆڕدرێت بە کەسێکی بێگانە”.
بەهزاد ئەحمەد ئیبراهیم، ماوەی سێ ساڵە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکەیە، بەڵام ئێستا پەروەردەی دهۆک مامۆستایەکی کردووە بە بەڕیوەبەر کە دانیشتووی سەنتەری دهۆکە و خەڵکی ناحیەکە نییە.
ئەو قسەی بۆ بۆ 964 کردووە و دەڵێت: لەم سێ ساڵەدا تەنیا خزمەتی قوتابیانم کردووە و وانەشم پێ وتوونەتەوە، پێموتوون وەک بەڕێوەبەر لێم مەڕوانن.
زیاتر دەشڵێت: بڕیارەکە دەرچووە، ئیدی لەمەبەولا وەک مامۆستایەکی ئاسایی لە قوتابخانەکە دەمێنمەوە.
زیاتر وتیشی “نازانم بۆ بڕیارەکە دەرچووە، بەڵام لەگەڵ ئەو گردبوونەوەیەش نیم و داواش لە قوتابیان دەکەم ئەوانیش بڕیارەکەی پەروەردە قبوڵ بکەن”.
قوتابخانەی ئامادەیی مانگێشی تیکەڵاو، ساڵی 1964 دروستکراوە و ژمارەی قوتابییەکانی نزیکەی 300 قوتابی دەبێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق