"تەنیا چیاکان دۆستمانن"
تۆم باراک: چیدی پێویستمان بە هەسەدە نییە
964+
وریا فەتاح
تۆم باراک، نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا بۆ کاروبارى سوریا، لە پەیامێکدا کە لە ئێکس بڵاوى کردەوەتەوە، رایگەیاند، سەردەمی هاوبەشیی سەربازیی ئەمریکا و هەسەدە بەرەو کۆتایی دەچێت و گەورەترین دەرفەت بۆ کوردانی سووریا ئەوەیە، بچنە ناو دەوڵەتە یەکگرتووەکەی سووریا بە سەرۆکایەتی “ئەحمەد شەرع”.
بەپێی پەیامەکەی باراک، ئەمریکا دەیەوێت کوردەکان لە رێگەی رێککەوتنەکەی 18ـی کانوونى 2026ـەوە، ببنە خاوەنی مافی هاوڵاتیبوون و پارێزگاری لە زمان و کولتوورەکەیان بکرێت، نەک وەک قەوارەیەکی جیاواز بمێننەوە.
خاڵە سەرەکییەکانی پەیامەکەی باڵوێزی ئەمریکا:
کۆتایی ئەرکی هەسەدە:
باراک دەڵێت، هاوبەشیی ئەمریکا و هەسەدە بۆ تێکشکاندنی داعش بوو لەو کاتەی حکومەتی ناوەندی لاواز بوو، بەڵام ئێستا سووریا بووەتە ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و حکومەتێکی نوێی هەیە، بۆیە “ئەو هۆکارەی پێشتر هەبوو بۆ پاڵپشتیکردنی هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ، ئێستا بەسەرچووە.”
تێکەڵبوون لەناو سوپای سووریا:
بەپێی رێککەوتنەکە، شەڕڤانانی هەسەدە بە شێوەی “تاکەکەس” دەچنە ناو سوپای نیشتمانیی سووریاوە، هەروەها دەبێت کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان، خاڵە سنوورییەکان و زیندانەکانی داعش ڕادەستی دیمەشق بکرێنەوە.
مافەکان لە بەرامبەر یەکپارچەیی:
ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە پاڵپشتی لە “فیدراڵی یان جیابوونەوە” ناکات، بەڵکو دەیەوێت کوردەکان ببنە بەشێکی سەرەکی لە سووریا. لە بەرامبەردا، مافی هاوڵاتیبوونیان پێدەدرێت، خوێندن بە زمانی کوردی دەبێت و جەژنی نەورۆزیش وەک “پشووی نیشتمانی” لە سووریا دەناسرێت.
کشانەوەی ئەمریکا:
تۆم باراک ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتەکەی نایەوێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە سووریا بمێنێتەوە، ئەرکی ئێستایان تەنیا دڵنیابوونەوەیە لە ئاسایشی زیندانەکانی داعش و سەرخستنی گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سووریایە.
باڵوێزەکەی ئەمریکا هۆشداریش دەدات کە بەردەوامبوونی دابڕانی کوردەکان لە دیمەشق، مەترسی ناسەقامگیری و سەرهەڵدانەوەی داعشی لێدەکەوێتەوە، بۆیە ئەم چانە مێژووییەی ئێستا بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ گەرەنتی کردنی مافی کوردەکان لە سووریایەکی یەکگرتوودا.
تەنیا چیاکان دۆستمانن
ئەم پەیامەى تۆم باراک، هەڵدانەوەى ئەو راستییەیە کە ساڵانێکە کورد دەیڵێتەوە،”تەنیا چیاکان دۆستمانن”، چونکە ئەوەتا باراک وێراى داننان بەوەى هەسەدە هاوپەیمانێکى بەهێزیان بووە لە تێکشکاندنى داعش، بەڵام ئەو واقعەى ئێستا لە سوریا دروستبووە، لاى ئەوان ماناى کۆتایى پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ کورد، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو مێژووەى کورد لە سوریا تۆمارى کردووە.