راگەیەندراوێک لە (هەسەدە)ەوە : مەترسیدارە!
“گروپەکانی سەر بە دیمەشق ئاویان لەسەر زیندانی ئەقتان لە رەققە بڕیوە”
964+
فەرهاد حەسەن
هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق ئاویان لەسەر زیندانی ئەقتان لە رەقە بڕیوە و ئەمەش مەترسیدارە.
بەپێی راگەیەندراوێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق گەمارۆی زیندانی ئەقتانیان لە باکووری شاری رەققە داو تۆپبارانکردنی راستەوخۆ باڵەخانە و دامەزراوەکانیان ئەنجامدا، لە ئێستادا ئاویان لەسەر ئەو زیندانە بڕاندووە کە زیندانیانی داعشی تێدایە.
هەسەدە دەڵێت، ئەمە بووەتە هۆی قەیرانێکی سەختی ئاو، جگە لەوەی کەمیی خۆراک و پێداویستی پزیشکی بە شێوەیەکی مەترسیدار لەو زیندانە دروستبووە.
روونیکردووەیەوە کە ئەم کارانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ستانداردە مرۆییەکان پێکدەهێنن و ژیانی زیندانییەکان دەخاتە مەترسییەوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتی دەکاتەوە، کە دیمەشق بە تەواوی بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەر کاردانەوەیەکی مرۆیی یاخود ئەمنی کە لەوانەیە لە ئەنجامی ئەم کارەوە رووبدات، “داواش لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی زیندانەکە”.