پارساڵ لە یادی 8ـی مارس دانرا

پەیکەرەکەی ژنان لە چەمچەماڵ ساڵڕۆژی بەخۆیەوە نەبینی و سووتێندرا

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

پەیکەرەکەی ژنان لە چەمچەماڵ کە پارساڵ لەیادی 8ـی مارس کرایەوە، ساڵڕۆژی بەخۆیەوە نەبینی و سووتێنرا. پەیکەرسازەکەش ئامادە نییە نۆژەنی بکاتەوە.

پەیکەری 8ـی مارس، ساڵڕۆژی ژنان پارساڵ لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی زاهیر سدیقی پەیکەرساز و بەرسانی خۆجێی ناوچەکە، پەردەیان لەسەر لادا.

پەیکەرەکە، ژنێکە هەردوو دەستی لەسەر روومەتەکانیەتی و لەسەر ئەژنۆ دانیشتووە.

پەیکەرسازەکە دەڵێت: پەیکەرەکە ئاماژەیە بۆ ئازاردانی ژنان و گریان بۆ حاڵی خۆی.

ئەو لۆکەیشنی پەیکەرەکەی لێیە چەندین کامێرای چاودێری لێیە، بەڵام هیچ کامێرایەک رووەو پەیکەرەکە نییە 

964 دەزانێت، دوای پەردە لەسەر لادانی، تەمەنی پەیکەرەکە چەند مانگێکی نەخایاند کە سووتێنرا، ئەگەرچی دەوری تەنراوە بە کامێرای چاودێری، ئەمەش یەکەم پەیکەری زاهیر سدیق نییە کە دەستدرێژی بکرێتەسەر.

زاهیر سدیقی پەیکەرساز قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ساڵی 2011ـەش پەیکەری عەبدولڕەحمان پاشای بابان کە لە دەربەندی بازیان دانرا، لە 2021 سووتێنرا، بەڵام پۆلیس لەسەر ئەو رووداوە چەند کەسێکی بەو تۆمەتە دەستگیرکرد.

پەیکەرساز زاهیر سدیق، زیاتر وتی “بەداخەوە ساڵی پار ئەم پەیکەرەمان لەدەروازەی شاری چەمچەماڵ دانرا، ئێستا سووتێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی بێدەرفەتی و بێتاقەتیەوە نەمتوانیوە نۆژەنی بکەمەوەوە”.

بەداخەوە ساڵی پار ئەم پەیکەرەمان لەدەروازەی شاری چەمچەماڵ دانرا، ئێستا سووتێندراوە

پۆلیسی چەمچەماڵ بە فەرمی لەسەر سووتانی ئەو پەیکەرە ئامادە نین قسە بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە مەرجی ناو نەهێنانی قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بەداخەوە دوای چەند مانگێک لەدانانی پەیکەرەکە لە دەروازەی چەمچەماڵ، ئاگری تێبەردرا.

زیاتر وتی “تاوەکو ئێستا کەس لەسەر سووتاندنی رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، ئەو لۆکەیشنی پەیکەرەکەی لێیە چەندین کامێرای چاودێری لێیە، بەڵام هیچ کامێرایەک رووەو پەیکەرەکە نییە هەر بۆیە نەتوانراوە کەس دەستگیر بکرێت”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق