هەسەدە بانگەواز دەکات
“روو لە رۆژئاوا بکەن شەڕی مان و نەمانە”
964+
توانا نەقی
ئەمشەو دۆخەکە بە شێوازێکە ئاڵۆز بووە مەترسی لەسەر ناوچە کوردیەکانی رۆژئاوا بە کۆبانییەوە دروستبووە و هەزاران چەکدار و هاوڵاتی لە شارەکە خۆیان ئامادە کردووە بۆ بەرگری.
هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە داوا لە گەنجانی کورد لە رۆژئاوا، باکوور، باشوور و رۆژهەڵات دەکات چەک هەڵبگرن و پەیوەندیی بە ریزەکانیانەوە بکەن.
لە راگەیەندراوەکەیاندا هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 6ـی کانوونی دووەمەوە، ناوچەکانمان و گەلەکەمان راستەوخۆ رووبەڕووی هێرشی دڕندانە و بەربەریانە بوونەتەوە. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، شەڕڤانانمان بە ئازایەتی و فیداکارییەکی مەزنەوە دەجەنگن و بە شێوەیەکی سەربەرزانە بەردەوامن لە شەڕەکەیان.
هەر ئەمشەو و بەم کاتە درەنگە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر لەبەردەم کونسوڵخانەی ئەمریک و قەزای کۆیە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەچێت دەژی هێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر رۆژئاوا.
دەقی راگەیێندراوەکەی هەسەدە
بۆ گەلی خۆڕاگرمان
لە 6ـی کانوونی دووەمەوە، ناوچەکانمان و گەلەکەمان راستەوخۆ رووبەڕووی هێرشی دڕندانە و بەربەریانە بوونەتەوە. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، شەڕڤانانمان بە ئازایەتی و فیداکارییەکی مەزنەوە دەجەنگن و بە شێوەیەکی سەربەرزانە بەردەوامن لە شەڕەکەیان.
ئەمڕۆ، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کە خاوەن عەقڵیەتی داعـ.*شن، هێرشەکانیان بۆ سەر گەلەکەمان زیاد دەکەن، بەو خەیاڵەی بتوانن ئیرادەمان بشکێنن و بەرگریمان تێکبشکێنن.
ئێمە بە بڕیار و ئیرادەیەکی مەزنەوە دەڵێین، وەک چۆن هەواڵەکانمان لە ساڵی 2014دا لە کۆبانی بەرگرییەکی مێژووییان کرد و کۆبانییان کردە گۆڕستان بۆ ئەو داعـ.*شانەی لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکران، ئەمڕۆش بە هەمان ئیرادەوە رایدەگەیەنین کە شارەکانمان لە دێریکەوە تا حەسەکە و کۆبانی، دەکەینە گۆڕستان بۆ خاوەن عەقڵیەتە نوێیەکانی داعـ.*ش کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئاڕاستە دەکرێن.
لەسەر ئەم بنەمایە، بانگەواز ئاراستەی هەموو گەنجانمان دەکەین، کچان و کوڕانی رۆژئاوا، باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە ئەوروپا، کە پێکەوە ببنە یەک و سنوورەکانی داگیرکەران رابماڵن و وەرن پەیوەندی بە بەرگرییەوە بکەن.
ئەمڕۆ رۆژی شکۆیە ئەمڕۆ رۆژی بەرپرسیارێتیی مێژووییە و ئەمڕۆ جارێکی تر نیشانی دەدەین کە ئیرادەی گەلان لە هەر جۆرە هێرش و داگیرکارییەک بەهێزترە.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات 19ی کانوونی دووەمی 2026