قورئانەکان سەلامەت بوون

سویچپلاکێک ئاگری لە مزگەوتی گوندی چۆخماخی گاپیڵۆن هەڵگیرساند

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە بەرەبەیانی 18.1.2026 مزگەوتی گوندی چۆخماخ لە ناحیەی گاپیڵۆن بەتەواوی سوتا بەسەرجەم كەلوپەلەكانییەوە و سەرپەرشیاری مزگەوتەكە دەڵێت، تەنیا قورئانەكانمان بۆ دەرچووە بەسەلامەتی.

مزگەوتەكە تاقانەی چوار گوندە و هەریەك لە گوندەكانی سنگر، مێوڵاكە، گۆمە سارد و چۆخماخ تەنیا ئەو مزگەوتە شك دەبەن بۆ نوێژخوێندن و ژمارەشیان زیاتر لە 100 ماڵە.

عوزێر محەمەد، سەرپەرشتیاری مزگەوتی چۆخماخ بە 964ی وت، لە درەنگانی شەو و نزیك بەرەبەیان ئاگر لە مزگەوتەكەمان كەوتەوە، بەداخەوە سەرجەم كەلوپەلەكانی مزگەوتەكەمان سوتاوە و هیچی بەكەڵكی بەكارهێنانەوە نایەت، سوپاس بۆخوا قورئانەكانمان كۆكردووەتەوە و لە روداوەكە سەلامەت دەرچوون.

وتیشی، ئاگرەكە بەهۆی شۆڕتی كارەباوە بووە و لە شوێن رەفەی قورئانەكانەوە لەسویچ پلاكێكەوە سەریهەڵداوە و تەشەنەی سەندووە، دواتر كە دانیشتووانی گوندەكە زانیویانە چوون بۆ كوژانەوەی، بەڵام بەهۆی زۆری ئاگرەكەو نەبوونی ئاگر كوژێنەوە مزگەوتەكە بەتەواوی سوتاوە.

سەرپەرشتیاری مزگەوتەكە داوا لە خێرخوازان دەكات و دەڵێت، هەركەسێك لەتوانایدایە دەستگیرۆیمان بكات بۆ نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكە و خێرێكی نەبڕاوەیە، چونكە زیانەكان زۆرن و بەتەنیا خۆمان ناتوانین دووبارە نۆژەنی بكەینەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

بەفر بەشێکی مزگەوتێکی رووخاند

بەفر بەشێکی مزگەوتێکی رووخاند