ڤیدیۆیان بڵاوكرایەوە
باندێكی رێگر لە هەولێر دەستگیركران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی باندێكی راگەیاند، كە كاریان رێگری بووە و لە ژێر هەڕەشە پارەیان لە خەڵك سەندووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 18.1.2026 بڵاویكردەوە،
“دوای ئەوەی لە چەند حاڵەتێکی رێگریکردن لە چەند هاوڵاتییەک ئاگادار کراینەوە ، کە چەند کەسێکی نەناسراو هێرشیان كردوونەتەسەر و رێگرییان لێکراوە و لە ژێر هەڕەشە دا هەرچی پارەیان لەلا بووە بێت لێیان وەرگیراوە، دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانمەوە بەدواداچوون کرا و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتبارمان دەستگیر کرد”.
ئاسایشی هەولێر هەروەها دەڵێت، ئەو سێ كەسەی تاوانیان ئەنجامداوە ناوەكانیان بەم جۆرەیە (د ، د ، أ) و ( أ ، م ، خ) و ( ع ، ک ، س)، كە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکانیان سووکایەتییان كردووە و گرتەڤیدیۆی قوربانیەکانیان تۆمار کردووە، تاکو وەک بەڵگەیەک لە بەردەستیان بێت و قوربانییەکە نەتوانێت سکاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار بکات.
ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاوڵاتیان دەکات، كە هاوکاریانن لە پێدانی زانیاریدا.