" بە رۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ راپەڕن"

پەكەكە راگەیەندراوێكی توندی لەبارەی رووداوەکانی رۆژئاوا بڵاوكردەوە و هۆشداریش دەدات

964+

فەرهاد حەسەن

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، ئەو هێرشە بە تەنیا بۆسەر رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نیە، بەڵکو پیلانگێڕییەکە لە سەر هەموو کورد و پێویستە كورد وەڵامی بانگەوازی ئیدارەی خۆسەر بۆ چەكهەڵگرتنی گشتی بداتەوە، “ئامانج لە هێرشەکان نەهێشتنی کوردە و پێویستە بە رۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ راپەڕن”.

كەجەكە، کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یە، ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێرشەكانی سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە کە لەلایەن کورد و عەرەب و سریان و گەلانی دیکەوە بە تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزراوە. هەوڵدەدرێت، لە سوریادا سیستەمێکی فاشیست دابمەزرێت لەسەر بنەمای تاکڕەویی و یەک نەتەوەیی.

هێرش دەكاتە سەر هێزە نێودەوڵەتیەكان کە “لەپێناو بەرژەوەندییەکانیاندا، جۆلانیان کردە دەسەڵاتداری دیمەشق، لەبری گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە شەڕی داعشدا زیاتر لە 10 هەزار شەهید و دەیان هەزار برینداریان داوە، پشتگیرییان لە هەتەشە کرد کە هەمان زیهنیەتی داعشی هەیە”.

كەجەكە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هێرشە بە تەنیا بۆ سەر رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نیە، بەڵکو پیلانگێڕییەکە لە سەر هەموو کورد، نایانەوێت کورد لە هیچ جێگەیەک ببێتە خاوەن هێز و ئیرادە، بە تایبەت هێزی قڕکەر و دوژمنی کوردان لە هەموو جێگەیەک هێرشدەکاتە سەر دەستکەوت و رێکخستنەکانی کورد و خواستیانە کۆتایی بە هەبوونی کورد بهێنن.

كەجەكە لە پەیامەكەیدا دەڵێت، “دەبێت هەمو کوردێک ئەم هێرشە لەدژی خۆی ببینێت، لەم کاتەدا پێداگری لەسەر هەڵوێست و یەکێتی نەتەوەیی بکات، دەبێت گەلەكەمان لە رۆژئاوا، باکور، باشور و دەرەوەی وڵات لە دژی ئەم هێرشە هەڵوێست وەرگرن و پەرەیپێبدرێت”.

دەشڵێت، “دەبێت ئەو رۆحی بەرخۆدانەی کە لە شەنگال و کۆبانێ لە دژی داعش نیشاندرا، ئەمڕۆ زیندوو بکرێتەوە؛ دەبێت ئەم هێرشە نوێیەی داعش لە رێگەی تێکۆشانی هاوبەشی گەل و دۆستانەوە تێکبشکێندرێت”.

کەجەکە: تورکیا بەگوێرەی پێویستیی پرۆسەکە هەنگاوی نەنا...

کەجەکە: تورکیا بەگوێرەی پێویستیی پرۆسەکە هەنگاوی نەناوە