"شەڕی مان و نەمانە"
ئیدارەی خۆسەر بانگەوازی “نەفیرعام”ـى راگەیاند
964+
وریا فەتاح
ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژھەڵاتی سووریا، راگەیەندراوێکی بەپەلەی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا حکومەتی دیمەشق بە “شکاندنی رێککەوتنەکان” تۆمەتبار دەکات، هاوکات بانگەوازی “نەفیرعامی گشتی” بۆ سەرجەم هاووڵاتیان راگەیاند.
ئیدارەی خۆسەر دەڵێت، چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە دوێنێ بەیانییەوە لە چەندین بەرەی جیاوازەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانیان.
باس لەوە کراوە کە سەرەڕای کشانەوەیان لە هەندێک ناوچە وەک نیشاندانی “نیازپاکی” بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە، بەڵام دیمەشق سوورە لەسەر بژاردەی سەربازی و بەردەوامبوونی شەڕ.
ئیدارەی خۆسەر پێیوایە ئەم هێرشانە بۆ لێدانە لە “برایەتی گەلان” و دروستکردنی فیتنە و توندوتیژییە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
داوایەکی بەپەلە ئاراستەی گەنجانی کوڕ و کچ کراوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی (جەزیرە و کۆبانێ) کە چەک هەڵبگرن و ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێکی ئەگەری بن.
شەڕى مان و نەمان
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئێستا لە قۆناغێکی چارەنووسسازدان و دۆخەکە بە “شەڕێکی وجوودی” وەسف کراوە، تاکە بژاردەش بۆ پاراستنی ناسنامە و دەستکەوتەکان “بەرگریی گەلییە”.
ئیدارەی خۆسەر داوا لە خەڵک دەکات بە تەواوی پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بن و لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودا بن بۆ پاراستنی شارەکانیان.