پڕۆژەیەکى گرنگى رێگاوبان

گۆمەسپان و شەقڵاوە بەیەک دەگەن؛ جووتسایدێکی نوێ لە هەولێر دروست دەکرێت

964+

وریا فەتاح

پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، مژدەی پڕۆژەیەکی نوێی ڕێگەوبان دەدات کە ناوچەی گۆمەسپان راستەوخۆ بە رێگای شەقڵاوەوە دەبەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا بارسوکی بۆ هاتوچۆ دروست دەکات، بەڵکو گۆمەسپان دەکاتە یەکێک لە ناوچە هەرە گرنگەکانی گەشتوگوزار لە پارێزگاکەدا.

وردەکاریی پڕۆژەکە:
درێژی رێگاکە: 16 کیلۆمەتر دەبێت.
تایبەتمەندی: چەندین پرد و کاری ڕاستکردنەوەی ڕێگاکەی تێدا ئەنجام دەدرێت.
جێبەجێکار: کۆمپانیای (هێمن گرووپ) پڕۆژەکە دەگرێتە ئەستۆ.

کەی دەست پێ دەکات؟
ئێستا کارەکانی نەخشەسازی و دیزاین لە قۆناغی کۆتاییدایە. بڕیارە دوای تەواوبوونی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ، کارە مەیدانییەکان دەست پێ بکەن و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆژەکە بە رووی هاوڵاتیاندا بکرێتەوە.

وەک ئەوەى پارێزگارى هەولێر باسى کردووە، ئەم رێگەیە تەواوکەری ئەو بەڵێنەیە کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 10ی ئۆکتۆبەری 2024دا دابووی، کاتێک بەردی بناغەی جووتسایدی (هەولێر – کۆیە)ی دانا، لە ئێستادا رێگای هەولێر بۆ گۆمەسپان بە تەواوی دووساید کراوە و کارەکانی کۆتایی هاتووە، ئەم جووتسایدە نوێیەش دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان گۆمەسپان و شەقڵاوە.

ئەم هەڵمەتە بەشێکە لە بەرنامەی فراوانکردنی تۆڕی ڕێگەوبانەکانی هەرێم کە لە چوار ساڵی رابردوودا بە چڕی کاری لەسەر کراوە و زۆربەی پڕۆژە ستراتیژییەکان لەمساڵدا دەکەونە خزمەت هاوڵاتیانەوە.

چوارڕێیانی گۆمەسپان-كۆیە تەواو بوو

چوارڕێیانی گۆمەسپان-كۆیە تەواو بوو