سێ رۆژ بوو داخرابوو
رێگای زینی کەڵێتە لە وەرتێ کرایەوە
964+
ئاکام غەفور-سۆران
زینی کەڵێتە لە سنوری وەرتێ کە سێ رۆژ بوو داخرابوو بەهۆی بەفر بارینی زۆر، ئەمڕۆ لەلایەن تیمەکانی چاککردن و پاراستنی رێگاوبان و شارەوانی وەرتێ، بەفرەکەی راماڵدرا و رێگاکە کرایەوە.
خەڵکی گوندی کەڵێتە هەر بە تەواوی رێگایان لەسەر داخرابوو، نزیکەی 70 سانتیم بەفر باریوە، خەڵکی گوند بە خاکەناز تەنها رێگای تایەی ئۆتۆمبێلی دەبل ئەکسڵیان کردبووەوە.
هەژار حاجی سەرۆکی شارەوانی وەرتێ بە 964ـی وت، “دووەم جارە ئەم رێگایە لە بەفر پاک دەکرێتەوە، رێگای گوندەکە داخرابوو، تەنها دەبڵ ئەکسڵ بە زنجیر لێی دەردەچوو، ئەویش بۆ کاتی ناچاری، ئەگەرنا رێگاکە مەترسیدار بوو، کەڵکی هاتوچۆی نەبوو”.
وەک باسی دەکات، بەهۆی کەمی ئامێرەوە نەیانتوانیوە هەرزوو رێگاکە بکەنەوە، بەڵام ئێستا رێگای زینی وەرتێ و زینی کەڵێتەش بە تەواوی لە بەفر پاک کراوەتەوە و هیچ گرفتێکی هاتوچۆ لە سنوری وەرتێ نەماوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری